ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایده‌كات، خه‌ڵكی هه‌رێمی  كوردستان ده‌بێت هه‌ڵویستی جدی هه‌بێت له‌سه‌ر لیبڕینی موچه‌ و دواكه‌وتنی پیدانی موچه، حكومه‌ت حساب بۆ هه‌ڵوێستی خه‌ڵك ناكات .
مامۆستا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان له‌وتوێژی له‌گه‌ڵ په‌یامنێری زایه‌ڵه‌ ڕایگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌ لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران حكومه‌ت ده‌بێت وه‌ڵامی بۆ ئه‌و پرسیاره‌ هه‌بێت  ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ هیچ  پاساوێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌  بۆ لێبڕینی موچه‌، ئه‌وه‌ 200 ملیار دیناره‌كه‌ش له‌ به‌غداده‌وه‌ هاتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان بزانین پلانی حكومه‌ت بۆ مانگی  7 چی ده‌بێت .
وتیشی، حكومه‌تی هه‌ڕیمی به‌هیچ جۆرێك گوێ به‌هه‌ڵوێستی خه‌ڵك نادات له‌كاتی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی،ده‌بێت خه‌ڵك هه‌ڵوێستی هه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی ته‌واوی له‌به‌رده‌ستدایه، حكومه‌ت پاره‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ چونكه‌ نرخی نه‌وت زیادی كردووه‌ بۆخۆتان ئاگادارن، نرخی دۆلار به‌رز بۆته‌وه‌ داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان داهاتی ناوخۆ گومرگ ڕسومات ئه‌مانه‌ هه‌مووی زیادی كردووه‌، هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ لێبڕینی موچه‌ و پاشه‌كه‌وت كردنی .
ڕونیشیكرده‌وه، به‌رپرسانی حكومه‌ت له‌كاتی هاتنیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان قسه‌یان نه‌ئه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌وزوعه‌ زۆر پرسیارمان لێ ده‌كردن شتی حه‌سمیان نه‌ئه‌وت، نه‌مبیستووه‌ پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستكاری لیبڕینی موچه‌ بكڕیت و نه‌مێنێت .
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ، له‌سه‌ر به‌رده‌وامی  حكومه‌ت  به‌  لێبڕینی موچه‌ ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان له ‌په‌رله‌مان فشار دروست ده‌كه‌ین یاداشت ده‌ده‌ین داوای كۆبونه‌وه‌ ده‌كه‌ین داوا له‌ فراكسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین هاوكار بن له‌وه‌ زیاتر ئێمه‌ هیچی دیكه‌مان پێ ناكرێت. سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی چاكسازی تاوه‌كو ئێستا به‌عه‌مه‌لی هیچی دیار نیه‌ هه‌مووی هه‌ر قسه‌یه‌ .
سازدانی – كامه‌ران كه‌ریم