عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند كه‌ به‌غدا ناوه‌ندێكی‌ گرنگه‌ بۆ پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وته‌ سیاسی‌ و ئابوورییه‌كانی كوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، میدیاكانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كاندیدانی بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئامانجی کورد  و بزوتنەوەکەیان لەبەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌ی‌ کورد له‌ به‌غدا و پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وته‌ سیاسی‌، ئابوری‌، دارایی و یاساییه‌كانی کوردستانە.
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی وتویه‌تی‌: "پێوسته‌ كه‌مپه‌ینی‌ هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ ئامانج لێی‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌ی‌ كورده‌ له‌ به‌غدا، تا نوێنه‌رانی‌ كورد بتوانن به‌ پشتبه‌ستن به‌ كاره‌كانی‌ ڕابردوی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد هه‌وڵی‌ جدی بده‌ن بۆ چه‌سپاندنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتیمانیه‌كان و پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وته‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و دارایی و یاساییه‌كان و نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان له‌ به‌غداوه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "به‌غدا ناوه‌ندێكی‌ گرنگه‌ و له‌ به‌غداوه‌ ساڵانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌ یاساكانی‌ تایبه‌ت به ‌بودجه‌ی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رده‌چێت، بۆیه‌ گرنگه‌ كاندیده‌كان و ده‌نگده‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌وڵی‌ جدی‌ بده‌ن بۆ سه‌رخستنی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان و كاندیده‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن و ژووره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و كاندیده‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جه‌ختیان له‌ هه‌وڵه‌كانیان كرده‌وه‌ بۆ سه‌رخستنی‌ كاندیده‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان".
بڕیاره‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌.