مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی تایبەت بە مێژووی ڕۆژنامەگەری سنوری قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند رۆژی سێشەممە لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو بە ئامادەبوونی "ڕەمک ڕەمەزان" قائیمقامی چەمچەماڵ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری ناحیە و فەرمانگەکان و نوێنەری پارتە سیاسیەکان و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسانی سنورەکە، مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی تایبەت بە مێژووی ڕۆژنامەگەری سنوری قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
کتێبەکان لەلایەن مامۆستا گۆران سەلام نوسراوە و تیایدا مێژووی بڵاوکراوەکانی سنوری قەزای چەمچەماڵ لەساڵی ١٩٤٢بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئەرشیف کراوە و لەهەمانکاتدا کتێبێکیان تایبەتە بە ڕۆژنامەی چەرموو هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەکەی تێدا ئەرشیف کراوە کۆی هەردووکتێبەکەش دەبێتە مێژویەکی باش بۆ ڕۆژنامەگەری لەسنوری قەزای چەمچەماڵ.
لەوتەیەکدا قائیمقامی چەمچەماڵ دەستخۆشی لە نوسەری کتێبەکەکردوو ئەم هەنگاوە بە گرنگ زانی بۆ ئەرشیفکردنی بەشێکی گرنگی مێژووی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری لەسنورەکەدا، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ نوسەر و ڕۆشنبیران دووپاتکردەوە بەمەبەستی گرنگیدان بە لایەنی ڕوناکبیری و مێژوو کلتوری سنورەکە.
مامۆستا گۆران سەلام لەوتەیەکدا هۆکاری هەڵبژاردنی بابەتەکە و توژینەوەی لەوبوارەدا خسەڕوو ڕایگەیاند کەمترین زانیاری و دۆکیۆمێنت لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەری چەمچەماڵ هەبووە، بۆیە هەوڵیانداوە لەم بوارەدا خزمەتی قەزای چەمچەماڵ بکەن، هاوکات سوپاسی قائیمقامی چەمچەماڵی کرد بۆ سپۆنسەرکردن و هاوکاری کردنی بۆ چاپکردنی ئەم دوو کتێبە.
جێی باسە لەماوەی ئەم ساڵدا لەسەر ئەرکی قائیمقامی چەمچەماڵ چوارکتێب بۆ خزمەتی کەیسی ئەنفال و مێژوی قەزاکە چاپکراوە.
کامەران کەریم