ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، چی ڕوویداوە مووچە بۆ دابەش ناکرێت و دوادەکەوێت. لێبڕین بۆ بەردەوامە، دامەزراندن و هەلی کار بۆ نیە .
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان لەوتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە، کۆمەڵێک لەو پرسیارانەی بەردەوام لێمان دەکرێن، لەلایەن هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسانەوە، بەتایبەت لە کۆتایی هەر مانگێک و کاتی دابەشکردنی مووچە، بە یەقینەوە وەڵام دەدەمەوە:
١- هیچ کێشەیەک لە ناردنە دەرەوەی نەوت و فرۆشتنی ڕووی نەداوە و ناردن و فرۆشتنی بەردەوامە.
٢- هیچ کێشەیەک لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان ڕووی نەداوە و جوڵەی بازرگانی وەک خۆیەتی.
٣- لە باجەوە داهات بەردەوام دەگەڕێتەوە فەرمانگەکانی کۆکردنەوەی باج.
٤- لە ڕسوماتەوە داهات وەک خۆیەتی.
ناوبراو وتیشی، تەنها و تەنها ئەوەی بووەتە کێشە، هەردوو حزبى دەسەڵاتن، کە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتیش هى خۆیانن، پۆستە گرنگ و هەستیارەکانیش هەر هى خۆیانن، کەچى دەستیان بەسەر داهات و قوتی خەڵکی کوردستاندا گرتووەو هەریەکەیان بۆ فشار لەسەر ئەویتریان بەشێک لە داهات ناگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی دارایی.داهات چەندە؟
جاری تریش ڕوونمان کردووەتەوە، بە هێندێک لێپێچینەوەی سادە، داهاتی ڕاستەقینە بۆ مانگێک بەمجۆرەیە:
- نزیکەی ٦٥٠ ملیار دینار لە نەوتەوە.
- نزیکەی ٣٠٠ ملیار لە گومرگەوە.
- نزیکەی ٩٠ ملیار لە باجەوە.
- نزیکەی ١٠٠ ملیار لە ڕسومات و سەرچاوەی ترەوە.
ڕونیشیکردەوە، ئێمە ئەم ڕاستیانە دەزانین و ئاگادارین، فشاریشمان بۆ ئەوەیە ئەم داهاتانە بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی و بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، مووچە، دامەزراندن و هەلی کار و خزمەتگوزاریى، بەکاربهێنرێن، لە خوا دەپاڕێمەوە لە ئەرکەکەماندا ئێمەو خەڵکى کوردستان سەرکەوتووبین.
سازدانی - کامەران کەریم