قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و جەختی لەوەكردەوە، لەمەولا بازاڕ ئازادتر دە‌بێت و كێبەركێی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دە‌كە‌ن.  
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بە گوێرەی بڵاوكراوەیەكی فەرمی نوسینگەی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی كە ئە‌مڕۆ (14ی تەموزی 2021) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی وتویەتی، چیتر ھیچ كە‌س و لایە‌نێك بۆی نییە دە‌ستوەردان بکات لە كاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بكات، ئاماژە‌ی بە‌وە‌شداوە‌ ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانە‌ و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھە‌ر بابە‌تێكی تر بە دوور بگرن.  
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە لە‌بە‌شێكی تری قسە‌كانیدا قوباد تاڵە‌بانی باسی لەوە کردووە کە دە‌بێت فە‌رمانگە‌كانی حكومە‌ت كارئاسانی بكە‌ن لە‌پێناو ڕاییكردنی كاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دە‌كە‌ن و كێبڕكێیە‌كی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دە‌كە‌ن.  
كۆبوونەوەكەی قوباد تاڵەبانی و لێدوانەكانی پاش حەوت ڕؤژ لە گرژی دێت لەنێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كە بەهۆی گۆڕینی بەرپرسی یەكەمی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆرەوە تەقییەوە و لە دوا پەرەسەندنیشدا دوێنێ (13 تەمموزی 2021) گەیشتە دەستبەسەرداگرتنی هەندێ لە باڵە میدیاییەكانی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن هێزێكی تایبەتی سكرتارییەتی یەكێتییەوە.