بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایدەگەیەنێت، تورکیا بە بێ ئاگاداری ئێمە نزیکەی حەوت بنکەی سەربازی لە ناوچەکە کردوەتەوە و زیاتر لە سی کیلۆمەتریش خاکی ناوچەکەی بەزاندوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ لە لێدوانێکیدا بۆ کەی ئێن ئێن، راگەیاند: تورکیا بەبێ ئاگاداری لایەنە ئیدارییەکانی ناوچەکە بنکە سەربازییەکانی لە ناو خاکی هەرێم دەکاتەوە و لە ئێستادا تەنیا لە سنوری کانی ماسێ نزیکەی حەوت بنکەی سەربازی کردوەتەوە.

وتیشی، تورکیا پشت بەستوە بە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ عێراق، چونکە بە پێی ئەو رێکەوتنە لە لایەن هەردو وڵاتەوە دەتوانرا بە قووڵایی 25 کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکترەوە، بەڵام پێویست بوو دوای رووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003، هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنە بدرایە تا ئەو ڕێکەوتنە هەڵوەشێندرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دۆخی ناوچەکە نا ئارامە و فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە بەردەوامی ناوچەکە بۆردومان دەکەن، و بە هۆی بۆردومانەکانیشەوە چەندین دۆنم زەویی کشتوکاڵ و پوش و پاوانی ناوچەکە سووتاون بەتایبەت لە نزیکی گوندی هرورێ.

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ باسی لەوەشکرد، لە ماوەی سی ساڵی رابردوو تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچەکەی ئێمە شەهید بوون و دەیان هاوڵاتیش برینداربوون، کە تەنیا لە ئەمساڵدا سێ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون.