ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتگیریی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خوزستانی کرد و جەختی کرد کە هیچ گلەییەک لەوان نییە و ناڕاحەتی خۆیان دەربڕیەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ماوەی زیاتر لە حەتەویێکە کە شارەکانی پارێزگای خوزستان ناڕەزایەتی خەڵک بە نەبوون و کەمبوونی ئاوی بەخۆوە بینیوە کە لە هەندێ شوێن توندتویژی لێکەوتۆتەوە.
ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی پاش وەرگرتنی دووهەم ژەمی ڤاکسینی کۆڕۆنای ئێرانی، لە بەشێک لە وتەکانی ئاماژەی بە بارودۆخی پارێزگای خوزستان دا و ناڕەزایەتی دەربڕینی بە مافی ئەو خەڵکە زانی.
ڕێبەری باڵای ئێران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە خەڵکی خوزستان ناڕاحەتی خۆیان دەربڕیوە و هیچ گلەییەک لەوان نییە.
وتیشی: لە ماوەی ڕۆژانی دواییدا یەکێک لەو نیگەرانیانەی کە ئێش و ئازاری داین، پرسی ئاوی خوزستان و کێشەکانی خەڵکی، بوو.
ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای ڕەخنە لە لەبەرچاونەگرتنی ڕاسپاردە جۆربەجۆرەکانی پێشوو سەبارەت بە ئاوی خوزستان و پاشەڕۆی ئەهواز، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ئاوڕ لەو ڕاسپاردانە بدرابایەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەم بارودۆخەمان نەدەبینی کە خەڵکی بەئەمەگی خوزستان سەرەڕای ئەم هەموو ئیمکانات و توانا سروشتی و کارگە زۆرانە، ناڕاحەت و ناڕازی بن.
ڕاشیگەیاند: خەڵک ناڕاحەتی خۆیان دەربڕی، بەڵام هیچ گلەییەک لەوان نییە، لەبەر ئەوەی کە پرسی ئاو ئەویش لەو کەشە گەرمەی خوزستان، پرسێکی بچووک نییە.