پاش ئەوەی گرووپێکی چەکداری نەیاری ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند بە درۆن هێرشی کردۆتە سەر بنکەی هەریر لە هەولێر، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە لێدوانێکدا ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە نزیک شارۆچکەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی 23ی تەممووزی 2021 کاژێر 1:23 خولەکی بەرەبەیان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە کوردستان کردە ئامانج. هێرشەکە زیانی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە ئاگا دەمێننەوە و لە چوارچێوەی مافی سرووشتییاندا، بەرگری لە خۆیان دەکەن".
 لیوای سائیرینی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی هێرشەکە لە ئەستۆ دەگرێت و لە راگەیێندراوێکدا رایدەگەیێنێت، هێرشکردنە سەر بنکەی هەریر لە پارێزگای هەولێر لە ئەستۆ دەگرن کە بووەتە مۆڵگەی "هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا".
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، "بنکەی هەریر مۆڵگەی ئەمریکا و سیخوڕەکانیانە و بەرەبەیانی 23/7/2021 بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشمان کردە سەری" و زیانی ماددییان بە بنکەکە گەیاندووە.