بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژیی بە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوترکردنی سەوەریی عێراق، وەسف کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەرھەم ساڵح رایگەیاند ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ھەنگاوێکی گرنگە بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری و پتەوترکردنی سەروەریی عێراق.
ناوبراو لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ھەنگاوێکی گرنگە بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیری و پتەوترکردنی سەروەریی عێراق، ئەوەیش بەرھەمی کاری چڕی حکوومەتی عێراقە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی".
راشیگەیاندووە "بەرژەوەندی عێراق خۆی دەبینێتەوە لە پتەوترکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی سەروەریی و بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆ".
بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیژیی لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق رێککەوتن.