لەعێراق 66 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە زۆرترینیان لە دهۆك بون .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 13 هەزارو 515 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 66 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆك بون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 57 هەزارو 971 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 13 هەزارو 515 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.
بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە هەشت هەزارو 217 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 66 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆك بون و 12 گیان لەدەستدان بون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 590 هەزارو 528 كەس و لەوانە 18 هەزارو 484 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 437 هەزارو 759 كەسیان چاكبونەتەوەو 134 هەزارو 285 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 853 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.