سالار محمود شارەزای  سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆچی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان هۆشداریی دا.
سالار   محمود شارەزای  سیاسی لە هەرێمی کوردستان کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، کارەساتی گەورە روو لە ناوچەدابڕاوەکانی کوردستان دەکات. بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی و سەرقاڵی حزبەکان بە  ململانێی لاوەکیەوە، پرسی ناوچەدابڕاوەکان بە خاک و خەڵکەوە بەتەواوی فەرامۆش کراوە.
وتیشی: بێ هیوایی هاونیشتمانیان، لە پارێزگاریکردن لێیان ناوچەکانیان بۆ عەرەبی غەیرە بەجێ دێڵن. تەنیا لە سنوری قەزای خانەقین بە ناحیەکانی جەلەولا و سەعدیە و جەبارە و قەرەتەپە و گوندەکانەوە ٤۲۳٠ خێزانی کورد بەرەو هەرێم باریان کردوە. ئەمەش مەترسیدارترین ئاماژەن و لێرەوە پێویستە هەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێت.
ئەو شارەزا سیاسیە ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا لە سنوری مەرکەزی قەزای خانەقین ۳٦ ئاوایی کورد چۆڵ کراون.ناوی بەشێک لەو گوندانەی چۆڵكراون "کانی ماسی، دەکەی سەرچەم، ئاوایی عەلی بەگ، تەپە چەرمی، کەلای حسێن، ئاوایی مەردان، زەلاو، حسێن مەمە، ئەحمەد هیلال، نەی کەنە و پویکەی گوندی دەلۆکان، ئاوایی مەلا تەیب، گوندی قەڕامین سی ماڵ بوە ئێستا سێ ماڵی تیا ماوە، هەردوو گوندی باوەپڵاوی ماڵی کەمی تیاماوە". بەشێک لە گوندە چۆڵکراوەکانی نێوان خانەقین و جەلەولا و گوندەکانی دەوروبەری قزڕەبات جەیش یا حەشدی لێ نیشتەجێ کراون.
هێمای  بەوەشکرد، پێشنیاری کۆنگرەیەکی نیشتمانی دەکەم سەبارەت بە پرسی ناوچەدابڕاوەکان.
سازدانی  -کامەران  کەریم