ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بە گرتنەبەری چەند ڕێگایەکی پەرلەمانی و مەدەنیانە دەتوانین ڕوبەڕوی گەندەڵی و نادادی ببینەوە .
عەلی حمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بەخوێندنەوەی واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان، ئەوەی لە ئەزمونی کارکردن پێیگەشتوم، ڕێگایەکی دروست ھەبێ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نادادی، ئیشکردنە لەسەر دۆسیەکان بە وردەکاری و پشوودرێژی و کۆڵنەدان، نە تەسلیمبوون نە شەڕە جنێو، بە زانیار و بە لۆژیک ھەوڵدان بۆ دروستکردن ڕایگشتی. گرتنەبەری ڕێگای پەرلەمانی و یاسای و مەدەنی و میدیای.کاتێک ھەموان دڵنیابونەوە ئامانجەکە لێدان لە یەک لایەن یان ئاراستەیەکی سیاسی نیە، ھەوڵدانەکان بۆ بەرژەوەندی گشتییە نەک شەڕی وەکالەتی حیزبی؛ ئیدی ھێدی ھێدی کاریگەری دروستدەبێت.
وتیشی، بۆ ئەمەش چەند ئەزمونێکمان ھەیە. دوو ساڵ بەردەوام باسی قاچاخیم کرد، کۆڵمان نەدا و تووشی چەندین گرفت بوین و ھەر بەردەوامبوین، تاوەکو ھەموو تاکێکی کورد لە ڕاستیەکە گەیشت، سەرەتا دژمان بوون. ئیستا سەرۆک حکومەت و جێگرو ھاوسەرۆک و میدیای حیزب باسی دەکەن. وەک تاوان وەسفی دەکەن. گرنگەبەردەوامبین.
ڕونیشیکردەوە، باسی داگیرکردنی زەویمان کرد و کۆڵمان نەداو دەیان ڤیدۆو بەڵگەمان خستەڕوو،بەشێکی ڕاگیراو زۆریش ڕۆشت، ئێستا دەسەڵاتداران ھەمان قسەی ئێمە دەکەنەوە.گرنگە بەردەوام بین.بیرتانە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە من باسی خانەنشینی نایاسایی و دوو موچەو موچەی وەزیر و بریکاری وەزیری نایاساییم دەکرد، دەیان وت ، ڕاست نییە.
سەرەتا ڕاگیرا، ئەو خانەنشینکردنە نایاساییە نەما، ئێستاش خۆیان باسی دەکەن و دەڵێن: دەیبڕین و ڕێژەو ئاماری بڵاودەکەنەوە.
باسی لەوەشکرد، دەمگوت ، ٥٨٪ داھاتی نەوت نایەتە خەزێنەی دارایی لە ئەنجامی کۆمەڵێک گرێبەستی خراپ و گەندەڵی، ئەوان نەدەچونە ژێر بار، ئێستاش قسەی ئێمە دەکەن.پێموایە پێکەوە بەم مەنھەجە بەردەوام بین. نە بەشێک دەبین لە حوکمەت و نە شەڕەجنێویش دەکەین، بە مەعریفەو لێکۆڵینەوەی ورد؛ بەشێوەیەکی عەقڵانی ڕووبەڕووی گەندەڵی و نادادی دەبینەوە
گرنگە مرۆڤ کۆڵ نەدات، ئەوەی ئەرکە لەسەرمان بیکەین.
سازدانی - کامەران کەریم