وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند "جارێكی دیكە له‌ سنوری پارێزگای دیاله‌ هێڵی کارەبای نێوان خانەقین و کەلار تەقێنرایەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق شەممە 31ی تەموزی 2021، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " تاوه‌ره‌كانی هه‌ردو هێڵی تۆڕی كاره‌بای عێراقی له‌ نێوان خانه‌قین – كه‌لار له‌ سنوری پارێزگای دیاله‌ كرایه‌ ئامانج و تۆڕه‌كه‌ له‌كاركه‌وتوە، لەكاتێكدا وەك وەزارەت بەردەوامین لەجێبەجێکردنی پلانەکەمان بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان لەژێر ئەم بارودۆخانەدا”.
لەبایاننامەكەدا هاتووە، تاوه‌ره‌كان له‌ڕێگه‌ی بۆمبی چێندراوه‌وه‌ كرانه‌ ئامانج و به‌و هۆیه‌وه‌ یه‌كێك له‌ تاوه‌ره‌كان كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و تۆڕه‌كه‌ به‌ته‌واوی له‌كار كه‌وت.
ئاماژە بەوەش دراوە: لەئێستاشدا هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوترین كات تاوه‌ره‌كان چاك بكه‌نه‌وه‌ و كاره‌با بۆ‌ هاوڵاتییان بگه‌ڕێننه‌وه‌‌.
ئەمە جاری یەكەم نییە ئەو تاوارانە دەكرێنە ئامانج، دەتەقێنرێنەوە، بەوهۆیەوە هاوڵاتیان بێ كارەبا دەبن.