ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، روونكردنه‌وه‌یه‌كی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکەن جووڵەیان بە هێز کردبێت و سەرجەمیان رەتدەکاتەوە.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە روونکردنەوەکەدا، ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری دەڵێت "له‌ هە‌ندێك ماڵپه‌ڕ و په‌یجی نه‌ناسراو، وێنه و هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه گوایه به‌شێك له‌ هێزه‌كانی دژه تیرۆر جووڵه‌یان كردبێت یان ده‌سوه‌ردان بكه‌ن له‌ كاروباری ناوخۆی (ی. ن. ك)، به‌م روونكردنه‌وه‌یه به‌ رای گشتی كوردستانی راده‌گه‌یێنین كه‌ هیچ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند، تیم یان گرووپێكی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی دژه تیرۆری ئاژانسه‌كه‌مان جووڵه‌یان نه‌كردووه و له‌ شوێنی دیاریكراوی خۆیان له‌ ئه‌رك و فه‌رماندان".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرا کە جووڵە بە هێز کراوە.
 لاهوور شێخ جەنگی پەیامەکەی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، پێی راگەیێندراوە کە کوردستان بەجێبهێڵێت، دەشڵێت، "وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم و لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک رووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە."
دوای پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی، میدیاکانی یەکێتی بە ناوی "سەرچاوەیەکی رەسمی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" رایانگەیاند "لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تاوانباران و تێوەگلان لە کەیسی گەندەڵیی هەمەجۆر کە دادگە بە رەسمی داوای کردوون".
 سەرچاوەکە ئەوەیشی گوتووە، "[لاهوور شێخ جەنگی] تۆمەتباریشە بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی، پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک و کەسوکاری شەهیدان. بۆ هەموو ئەو کەیسانەش بەڵگەی پێویست لەبەردەستدایە."
پاشان سەدان کەس بۆ پشتیوانی لە لاهور شێخ جەنگی لەبەر ماڵەکەی لە سلێمانی کۆبوونەوە.