سوپای ئەمریکا لە "هەریر" گەورەترین بنکەی سەربازیی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکشێتەوەو بنكه‌كه‌ بۆ كوه‌یت ده‌گوازێته‌وه‌.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەردانەکەی شاندی عێراق بۆ ئەمریکا ئاشكرای كردوه‌، ئەمریکا بنکە سەربازییەکەی خۆی لە هەولێرەوە کە بنکەی سەربازەی هەریرە بۆ کوەیت دەگوازێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “ئەخبار”ی لوبنانی کە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ سەردانەکەی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ جگە لە ڕاهێنەرە ئەمریکییەکان ئەویش لەسەر داوای عێراق ‌و بە ژمارەیەکی سنوردار، هیچ هێزێکی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق نامێنێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە زانیاریی زیاتری ئاشکراکردوە و دەڵێت :"ئەمریکا بنکە سەربازییەکەی خۆی لە ئەنبار کە عەین ئەسەدە بۆ ئوردن دەگوازێتەوە، ئامانج لەوکارەش پاراستنی زیاتری ئیسرائیلە کە هاوسنوری ئوردنە".
ئه‌وه‌شی وتوه‌، "هەروەها بکەی سەربازیی هەریر کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لەهەرێمی کوردستان، بۆ کوەیت دەگوازێتەوە".
بنکەی سەربازیی هەریر یەکێکە لە بنکە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەعێراق کە 115 کیلۆمەتر لەسنوری ئێرانەوە دورە.