فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هیوای ئەوەی خواست کە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە وەک خۆی و بە شێوەی کردەیی جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئاژانسی هەواڵی سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە کە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (٨ی ئەگێست) لەگەڵ حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دیدار و گفتوگۆی کرد.
سەلامی بەشداریی سەرۆک کۆمار و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێرانی بە پەیامێکی گرینگ لە پێوەندیی قوڵی دوو وڵات وەسف کرد.
فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی حەشد لە سەرکەوتنی گەلی عێراق بە سەر داعش و دابین کردنی ئاسایشی ئەو ولاتە، وتی: ئەوەی کە ئێمە بە نسکۆی ئەمریکا لە ئاستی نێودەوڵەتی ناوی لێ دەبەین، بەشێکی گرینگی لە وڵاتی عێراق ڕوویداوە، واتا ئەو بەرخۆدانەی کە لەو وڵاتە دەبینرێت، ئەمریکای لاواز کرد و بە بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ئەو وڵاتە لە نێوان دو بژاردەی نگریس هیشتەوە؛ ئەگەر بمێننەوە خەساریان پێ دەگات و ئەگەریش لە عێراق بڕۆنە دەرەوە شکستیان هێناوە.
ناوبراو لەم دیدارەدا هەروەها هیوای ئەوەی خواست کە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە وەک خۆی و بە شێوەی کردەیی جێبەجێ بکرێت.