محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالست دیموكرتی كوردستان (حسدک) ستایشی رۆڵی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی كرد.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، محەمەد حاجی مەحمود لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئێران "مه‌زاری شه‌هیدانی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق ئێران"ی له‌ ئه‌هواز به‌ سه‌ركردەوە.

سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالست دیموكرتی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی تەسنیم سەبارەت بە رۆڵی قاسم سولەیمانی لە شەڕ دژی داعش، وتی: "شه‌هید سوله‌یمانی ڕۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ دژی ئه‌و پیلانگێڕیه‌ی داعش له‌ عێراق و سووریا ئه‌نجامی دا، ئاماده‌یی سوله‌یمانی بووه‌ هۆكار بۆ دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبی و شه‌ڕكردن دژ به‌ چه‌كدارانی داعش و شكستپێهێنانیان."

ناوبراو جەختیشی لە سەر ئەوە كردەوە: "ئه‌گه‌ر شه‌هید سوله‌یمانی و هه‌وڵ و كۆششه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ نه‌بووایه،‌ ئێستا داعش به‌غدا و دیمه‌شقی داگیركردبوو."

محەمەد حاجی مەحمود لە بەشێکی دیکەی وتەکانی باسی لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان کرد و بە پێویستی زانی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوه‌كانیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن و وتی: به‌هۆی بوونی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان تا ئێستا بوار بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا نه‌ڕه‌خساوه‌. "

ڕاشیگەیاند: "به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک لایه‌نی سیاسی په‌یام له‌ وڵاتانی دیكه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكای قورس كردووه‌، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت ئه‌مریكا بڕوات و عێراق جێبهێڵێت."

کۆتایی/.