تاران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر عێراق گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نەکاتە دەرەوە، ناچار بە دەستپێشخەریی یەکلایەنە دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە 10ی ئەگێست) لە میانەی دیداری لە گەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەڕ هەبوونی گرووپە چەکدارە دژبەرەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی ئەم دیدار، شەمخانی وێڕای ئاماژە بە هەبوونی گرووپگەلی چەکداری دژبەری ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین کار و جووڵەی جدی بۆ دەرکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە لە خاکی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی ئێران ناچار نەبێت دەستپێشخەریی تاکلایەنە بکات بۆ نەهێشتنی ئەوان.
لەم بەرانبەردا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، وێڕای ئاماژە بەوەی کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران جێی خۆشحاڵی گەل و حکوومەتی عێراقە، هەر چەشنە چالاکیی دژی ئێران لە هەر شوێنێکی خاکی عێراقی بە پێچەوانەی خواست و سیاسەتی وڵاتەکەی زانی و وتی: بەرەنگاری هەر گرووپ و ڕەتێک دەبین کە بیەوێت لە خاکی عێراقەوە هەڕەشە بکاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.