وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە سەر گرینگی دەوری ولاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاتنە دی ئاسایش و ئارامیی ناوچە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیداری ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە تاران، کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراقی بە هەوڵێک لەپێناو پشتگیریی لە پڕۆسەی سیاسی و پێشکەوتنی ئابووری ئەم وڵاتە ناوبرد.
وتیشی: کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق هەنگاوێکە لەپێناو کاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچە بۆ هاتنە دی ئاسایشی سەقامگیر لە ناوچەکە.
ناوبراو داوەتنامەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێشکەش بە سەرۆک کۆماری ئێران کرد بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی بەغدا.
هەریەک لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رائید جوحی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیحسان عەواد، سەرۆکی فەرمانگەی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، یاوەری سەردانەکەی فوئاد حسێنن.
لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لەبەغدا ببەسترێت.
ئەوانەی بانگهێشتی لووتکەکە کراون بریتین لە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، شا سەلمان شای سعودییە، شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر، نەواف ئەلئەحمەد میری کوێت و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و تەمیم بن حەمەد میری قەتەر.