سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری ئاشکرایدەکات، تا دێت قەیرانەکان ڕووی لەزیاد بونە پێویستە پەرلەمان بەئەرکی خۆی هەستێت .
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیان: تا دێت قەیران و کێشە و گرفتەکان زیاتر کەڵەکە دەبن، حکومەت لە ئاستیاندا دەستەوسانە و پەرلەمانی کوردستانیش (بەداخەوە) ڕۆڵی تەماشاکار دەبینێت .
وتیشی: سەرباری هەموو ئەمانەش، هەڵاوسانی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک ئەوەندەی دیکە باری سەرشانی خەڵکی قورستر کردووە کە تازەترینیان هەڵکشانی نرخی بەنزین و نەبوونی ئاوی خواردنەوەیە لە شارەکان بەتایبەتیش هەولێر .
وتیشی، هەموو ئەمانە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی لەسەر تاک بە تاکنان دروستکردووە، بۆیە ئێمە ژمارەیەک پەرلەمانتار کە (٣٠) واژۆمان کۆکردۆتەوە و داوادەکەین پەرلەمان وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک لەم گرفت و قەیرانانەی هەیە قسە و فشار و بڕیاری خۆی هەبێت بۆیە داوای کۆبوونەوەیەکی نائاساییمان بۆ ئەو بابەتانە کردووە .
ڕونیشیکردەوە، بەڵام بۆ سازکردنی کۆبوونەوەکە پێویستمان بە (٣٧) واژۆی پەرلەمانتارانە و تا ئێستا (٧) واژۆ ماوە تا ڕێژەی یاسایی تەواو بکات چاوەڕێین پەرلەمانتارانی دیکەش ویژدان و خەمی خەڵک بخەنە پێش بەرژەوەندی حزبایەتییەوە و واژۆی یاداشتەکە بکەن و بە هەمووانەوە خەمێک لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بخۆین و ئەو دەسەڵاتە بێباکە لەو خەوی بێ ئاگاییە بەخەبەر بێنین کە هیچ پەیوەندییەکی بە خەم و ژان و کێشەی خەڵکەوە نەماوە .
سازدانی چاوپێکەوتن - کامەران کەریم