سه‌ركونسوڵى كۆمارى ئیسلامى ئێران سه‌ردانى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد و پێكه‌وه‌ باسیان له‌ ده‌رئه‌نجامى ئاماده‌بونى شاندى هه‌رێم له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆككۆمارى نوێى كۆمارى ئیسلامى ئێران كرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا په‌رله‌مانى كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی خۆشحاڵی و گه‌یاندنی سوپاسگوزاریى وڵاته‌كه‌یان به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌شداریكردنى له‌ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/١٥، نه‌سڕوڵڵا ڕه‌شنوودی، سه‌ركونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سه‌ردانی د. ڕێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌و پێشوازییه‌ گه‌رم و مێواندارییه‌ جوانه‌ كرد كه‌ له‌ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی ئێران ئیبراهیم ڕه‌ئیسی لێیان كرا.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ گوتاری سه‌رۆك كۆماری ئێران كرد به‌وه‌ى كه‌ گوتارێكی سه‌نگین و ئه‌رێنی بوو، هیوای خواست ئه‌م دید و تێڕوانینه‌ی كه‌ له‌ وته‌كه‌یاندا به‌دیكرا، به‌كرده‌یی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و ببێته‌ مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ هه‌موولایه‌ك.
شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌شدارى سه‌رۆكى هه‌رێم سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و سێ وه‌زیرى حكومه‌ت كه‌ نوێنه‌رى سێ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى پێكهێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمن به‌شداریان له‌سوێندخواردنى سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامى ئێران ئایەتوڵڵا ئیبراهیم ڕه‌ئیسى كرد.