سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ئەوقافی گەرمیان و تەندروستی گەرمیان، لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی سنوری قەزای کەلار کۆبوەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە زایەڵەی ڕایگەیاند، بۆ رێگری لە زیانەکانی تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە سنورەکە هەڵمەتێکی هۆشیاری خۆپارێزی دەستپێدەکەین، ئەمڕۆ پێمان باش بوو هەڵمەتەکە لە مامۆستایانی ئایینیەوە دەستپێبکەین بەهۆی گرنگی پێگە و رۆڵی کاریگەریان لە کۆمەڵگە.
هاوکات باسی لە مەترسیەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و داوایکرد مامۆستایانی ئاینی رۆڵی گرنگ ببینن بۆ خۆپارێزی لە مزگەوتەکان و داواکردن لە هاوڵاتیان بەگشتی بۆ خۆپارێزی لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان هانی خەڵک بدەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
دواتر، هەریەکە لەقایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان جەختیان کردوە لە گرنگی خۆپارێزیی و رۆڵی مامۆستایان لەو بارەوە.
لە کۆبونەوەکە، د.سیروان محەمەد جەمال بە ووردی باسی لە مەترسیەکانی کۆرۆنا و هەڵکشانی ئامارەکانی مردن کرد، ووتی نەخۆشخانەی قەڵا ئێستا پڕ بووە و لە توانایدا نیە نەخۆشی تر وەربگرێت، تەنها چارەسەر بۆ تێپەڕینی ئەم دۆخە مەترسیدارە خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسینە، بۆ وەرگرتنی ڤاکسینیش بنکەکانمان زیاد کردووە و کاتی پێدانی ڤاکسین درێژبدەکەینەوە و داواکارین لە خەڵک ڤاکسین وەربگرن، لە نەخۆشخانەی قەڵا تا ئێستا یەک کەسیش کۆچی دوایی نەکردووە کە ڤاکسینی وەرگرتبێت.
دواتر مامۆستایانی بەشداربوو تێبینی و پێشنیاری خۆیان لەسەر چۆنیەتی خۆپارێزی لە مزگەوتەکان و شوێنە گشتیەکان خستەڕوو و دڵنیاییاندا لەوەی بەشێک دەبن لە هەڵمەتی هۆشیاری.
کامەران کەریم