لە ڕۆژی: (١٥/٨/٢٠٢١)ز بزووتنەوەی طاڵیبان چوونە نێو کابووڵی پایتەختی ئەفغانستانەوەو، ئەمریکاش بە پەلە پرووزە بەشێک لە هێزەکانی خۆی کشاندەوە، ئنجا بەو بۆنەیەوە دەڵێم:
١ـ هیوادارم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرسو پەندێکی باش لەو هەڵەیەی وەربگرێو، چیدی لە بیری داگیرکردنی وڵاتاندا نەبێو، بەخۆڕایی ئەو هەموو مەسرەفە نەکات، چونکە (جۆبایدن) لە شەوی: (16/17-8-2021)زدا گوتی: زیاتر لە دوو تریلیۆن (2000,000,000,000) دۆلارمان لە ماوەی ئەو بیست (٢٠) ساڵەدا لە ئەفغانستاندا خەرج کردوە!
منیش دەڵێم: بەپێی قسەی هەردووك گۆڤاری: (FORBES) و (US NEWS) نیزیکەی (٦٥٠٠) کوژراوی ئەمریکاییو (١١٤٤) کوژراوی (ناتۆ) لەو ماوەیەدا بوون، چونکە (بەڕەی خەڵک هەر دەبێ لەسەری هەڵسی)و، مەرجیش نیە هەرچی ئەمریکا پێی باش بوو لە سیستمو کلتوورو فەڕهەنگ، خەڵکیش پێی باش بێو، هەرگیزیش ناگونجێ بەزەبری هێز عەقڵو دڵو قەناعەتی خەڵک بگۆڕێ.
هیواداریشم گڵۆڵەی ئەو زلهێزەی خۆی بە کوێخای دنیا دەزانێ، کەوتبێتە لێژییو، جارێکی دیکە نەتوانێ ئەو جۆرە غەڵەتانە بکات، کە بە زیانی خەڵکی ئەمریکاو، خەڵکانی وڵاتانی داگیرکراویش تەواو دەبن.
٢ـ هیوادارم بزووتنەوەی طاڵیبان دەرسو پەندیان لە هەڵەو کرچو کاڵییو بیرکورتییو دەمارگیرییەکانی ڕابردوویان وەرگرتبێو، لەمەودوا بەعەقڵی کراوەو دڵی فراوانو ڕەوشتی جوانو تێگەیشتنی ڕاستو قووڵ لهشەریعەتی دادگەری خواوە، مامەڵە لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیاندا بەگشتییو، خەڵکی دنیاداش بکەنو، وەک ڕابردوو وێنەیەکی دزێوی سڵەمێنەرەوە لەحوکمڕانیی پێشانی دنیا نەدەنو، باشتر سەرنجی ڕێبازو سیڕەی پێغەمبەری خوا (محمد) “صلی الله علیه وسلم” بدەن، کە لە تێگەیاندنو پێگەیاندنی خەڵکو دابینکردنی پێداویستییەکانیانەوە، دەستی بە جێبەجێکردنی شەریعەت کرد، نەک لەسزادانیانو، لە قوللـەی قاف کێشانیانو سەغڵەتکردنیانەوە!
بێگومانیش هەمیشە ئیسلام مایەی ئاسوودەییو بەختەوەرییو ڕەحمەتە، نەک سەرئێشەو سەغڵەتکردنو زەحمەت، وەک خوا “عز وجل” بەپێغەمبەری کۆتایی خۆی (محمد) “صلی الله علیه وسلم” فەرمووە: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ) الأنبياء 107.
3ـ هیوادارم خەڵکیش پەلە نەکەن لە حوکمدان بەسەر طاڵیبانداو، دەرفەتیان بدەن بزانن چی دەکەنو چۆن دەکەن؟ نەک بە هۆی ڕەفتارو هەڵوێستی ڕابردوویانەوەو بەشوێنەواری گەڕاوە (أثر رجعي) حوکم بەسەر ئێستاو داهاتووشیاندا بدەن!
ئنجا مادام خەڵکی ئەفغانستان بە گشتیی لەگەڵیاندا تەبایەو، تەنانەت هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتیش “کە ئەمریکا لەسەر حیسابی خەڵکی وڵاتەکە بیست (20) ساڵە بە زەبری پارەو چەک ڕایگرتوون” بەجیددیی بەرهەڵستییان نەکردنو، بە شێنەیی خۆیانو چەکو تفاقیان بە دەستیانەوە دان، پێویستە هەموولایەک ڕێز لە ویستو بژاردەی ئەفغانییەکان بگرینو، تەنیا بە ڕبەی خۆمان نەپێوینو، پەندی: (کاسە لە چێشت گەرمتر)مان بەسەردا نەچەسپێ.
دڵخۆشیشم بەوە کە طاڵیبان لێبوردنی گشتییان بۆ هەموولایەک دەرکردو، واهەست دەکرێ چاویان بە گەلێک شتدا گێڕابێتەوەو بە پێی: (هەر عەقڵە لە خەسارێک) ڕەفتار بکەن.
عهلی باپـیـر
١٠ محرم ١٤٣٣ک
١٨/٨/٢٠٢١ ز