لە ئێستادا نرخی نان لە هەرێمی کوردستان گران بووە ٦ نان بووە بە هەزار دینار، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان هۆکاری گران بوون چارەسەریەکان دەخاتەڕوو .
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، نان چۆن گران بووە و چارەسەری چیە، ئێمە بەر لە هەر شتێک دەبێ ئەو حەقیقەتە بزانین کە ئەم دەسەڵاتە بە تەواوی نوقمی گەندەڵیی و بێویژدانییەکی بێ ڕەزا بووە باکی بە ژیان و سەلامەتی هیچ کەس نیە جگە لە پڕکردنی زیاتری گیرفانی بەرپرس و کۆمپانیا شەخسیی و حزبییەکانی خۆی لە هەردوو زۆنەکە نان بۆچی گران دەبێت، ئەو ئاردەی کە دەکرێتە نان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت بە زۆریش لە هەرسێ وڵاتی تورکیا و ڕوسیاو ئێرانەوە .
وتیشی، ئەو گەنمەی لەناوخۆدا دەکرێتە ئارد، بۆ نان گونجاو نیە، ئەوەش نەزانی حکومەتە کە تا ئێستا نەیتوانیوە جوتیارانی خۆمان ناچار بکات کە لەبری گەنمی (خشن) کە زیاتر بۆ ئالیک و عەلەف بەکاردەهێنرێت، گەنمی (ناعم) بچێنن. بە هۆی وشکەساڵییەوە هەر تۆنێک گەنم لە ڕوسیا (٣٠) دۆلار گرانتر بووە، بە ڕێگەی تورکیادا ئەو ئاردە دێتە هەرێم لە تورکیا (غازی عەنتاب) بۆ هەر تۆنێک (١٥) دۆلاری دیکەی دەخەنە سەر، پێش ئەوەی بگاتە ناو هەرێمی کوردستان هەر تۆنێک (٤٥) دۆلاری چووە سەر. ئەو ئاردەی پێی دەوترێت (بایەعی) لە ئێستادا و بە بەراورد بە پێشتر بڕی (٢٥٠) هەزار دینار چۆتە سەر نرخی هەر تۆنێک ئارد .ئەمەش بازاڕێکی زۆر زۆر وێرانی دروستکردووە و بۆتە قۆرخکاریی و ئیحتیکارێکی مەترسیدار .
ڕونیشیکردەوە، لە پێشودا باج یان گومرگی سەر یەک تۆن ئارد تەنها (٤) دۆلار بووە، ئێستا بۆ هەر تۆنێک، حکومەتی هەرێن (٣٤) ی خستۆتەسەر .بۆیە زیادکردنی باج لەسەر هاوردەی ئارد لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی نانە .لە پێشودا بۆ پشکنینی بارهەڵگرەکان تەنها (١٥) دۆلار وەردەگیرا . ئەگەر بازرگانێک بیست بارهەڵگر ئاردیشی بهێنایە هەر ئەو پازدە دۆلارەی لێوەردەگیرا .ئێستا حکومەتی هەرێم ئەو پازدە دۆلارەی زیادکردووە بۆ (١٠٠) دۆلار، ئەگەر بازرگانێک پەنجا بارهەڵگر ئاردیش هاوردە بکات دەبێت پەنجا (١٠٠) دۆلاری بدا .چارەسەرەکان چین دەبێت  قۆرخکاریی لەسەر هاوردەی ئارد هەڵبگیرێت، دەرفەتی یەکسان بدرێت بە هەموو کارگەکانی دروستکردنی ئارد بۆ هاوردنی گەنم و ئاردی گونجاو .هەروەها کەمکردنەوە یان هەڵگرتنی باج لەسەر ئەو ئاردەی بۆ دروستکردنی نان و سەموون لە دەرەوە هاوردە دەکرێت وە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ نانەوا و سەمونخانەکان وەک پاڵپشتیی کە لە پێشوەدا هەبووە و ئێستا حکومەتی هەرێم ئەوەشی بڕیوە، هاندان و پاڵپشتی جوتیاران بۆ چاندنی گەنمی (ناعم) لەبری ئەو گەنمەی ئێستا دەچێندرێت و جۆرەکەی (خشن)ـە و بۆ نان دەستنادات .
سازدانی چاوپێکەوتن -کامەران کەریم