وته‌بێژی ده‌روازه‌ی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشمان ئاشكرایكرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئیڕان به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام وه‌ك پێش هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نیه‌ .
ئیسماعیل عه‌لی ئاغا، وته‌بێژی ده‌روازه‌ی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ له ‌وتووێژی له‌گه‌ڵ په‌یامنێری زایه‌ڵه‌ ڕایگه‌یاند، قه‌باره‌ی ئاڵوگڕی بازرگانی له ‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێت لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی دروستان پێ بده‌ن، كه‌ ساڵانه‌ ئه‌و قه‌باره‌یه‌ چه‌نده ، ئه‌وه‌ی تایبه‌ت بێت به‌ ده‌روازه‌ی باشماخ قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵی پار نزیك 1 ملیار و311 ملیۆن و 433 هه‌زار و 733 دۆلار بووه‌ .
وتیشی، بۆ 7 مانگی ئه‌مساڵ واته‌   له‌ (1/1)   بۆ  ( 31/7) ئه‌مساڵ 750 ملیۆن و 147 هه‌زار و 573 دۆلار بووه‌، دوو ده‌وازه‌ی دیكه‌ی فه‌رمیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و چه‌ندین ده‌روازه‌ی نیمچه‌ فه‌رمی و دوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌یه‌ هه‌ربۆیه‌ ئه‌م قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕه‌ ده‌بێت لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری هه‌مووی پێكه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نن .
ڕونیشیكرده‌وه‌، هه‌موو لایه‌ك ئاگاداره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی 3 ی پارساڵ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ دۆخێكی نه‌خوازراوی دروست كرد، ئه‌م  بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر بواری  بازرگانی هه‌بووه، هه‌ر زوو ده‌ست به‌جێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گرتنه‌ به‌ری ڕیگرتن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ چه‌ند  ڕێكارێكی گرته‌ به‌ر یه‌كێك له‌و ڕێكارانه‌ له ‌بواری بازرگانی بوو، بازرگانی به ‌ته‌واوه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌ ڕانه‌گیرا بوو، به ‌هۆی ئه‌وه‌ی بۆ خۆتان ده‌زانن ئێمه‌ وڵاتێكی به‌كار هێنه‌رین، نه‌ك وڵاتێكی به‌رهه‌م هێنه‌ر، بۆیه‌ پێویستیه‌كی زۆرمان به‌ هاتنی كاڵا و شتومه‌ك هه‌بوو .
باسی له‌وه‌ش كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك ڕێكاری گرته‌به‌ر هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان  له‌به‌رچاوگیرا كه‌ هاورده‌كردن ڕانه‌گیرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاورده‌كردن به ‌سیستمێكی ته‌ندروست و سه‌لامه‌ت بگاته‌ لای ئێمه‌ . ئاڵوگۆڕ كه‌می كرد؛ له ‌به‌رئه‌وی  تا ڕێكاره ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێ بێت، ئاڵوگۆڕه‌كه‌ش سیستیه‌كی پێوه‌ ده‌بوو، دواتر به‌هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ هه‌ندێك كار ئاسانی كرا بوو به ‌هۆی خێرایی له‌ هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل و كاڵا، بەڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پێش سه‌رده‌می هاتنی كۆرۆنا تاوه‌كو ئێستاشی به‌سه‌ره‌وه‌ بێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌رده‌وامه،‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌وه‌ پێش دۆخی كۆرۆنا .
وته‌بێژی ده‌روازه‌ی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ پسپۆڕی من نیه ، به‌ڵام من پێم وایه‌ هه‌م كۆماری ئیسلامی ئێران به‌لای ئێمه‌وه‌ وڵاتێكی گرنگه‌ هه‌میش ئێمه‌ش بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ره‌چه‌یه‌كی گرنگین بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی كاڵاكانیان، هه‌ردوولا هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی بواره‌ بازرگانیه‌كان ده‌ده‌ن له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا هه‌م نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م ئه‌و وه‌فدانه‌ی  كه ‌له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی   پارێزگاكان و وه‌فده‌ بازرگانیه‌كان كونسوڵگه‌ریه‌كان جه‌ختیان له‌په‌ره‌پێدانی ئه‌و بواره‌ بازرگانیه‌ كردۆته‌وه‌ بۆیه‌  هه‌ردوو وڵات هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستیان به ‌یه‌كه ده‌بێت و هه‌ردوولاش له‌پلانیاندا هه‌یه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانیه‌ به ‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوتر به‌رز بكه‌نه‌وه‌ .
سازدانی چاوپێكه‌وتن-  كامه‌ران  كه‌ریم