نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قائیمقامی سلێمانی کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی دەبینێتەوە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوەو هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە کۆبونەوەکەدا چالاک رەئوف_ سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەکان کێشەکانی باس کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی کارەبا و زۆری رسوماتی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوەو فشاری زۆری لەسەر دروستکردو، لەهەمان کاتدا لەخەمی ژیانی هاوڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین.
قائیمقامی سلێمانی پێی راگەیاندن، ئێمە لە کێشەکانی ئێوە تێدەگەین و دەزانین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکەمانن و زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن، لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین، لەهەمان کاتدا رێگە نادەین بەهیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە، لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵ ئەدەین رسوماتی لەسەر نەبێت.
وتیشی، من دەزانم هەمووتان لە زەرەردان، بەڵام با هەوڵ بدەین بە هەموومان رێگە بگرین لە گرانبوونی نرخی نان، چونکە دواجار شارەکەمان و کۆمەڵگەکەمان زیان دەکات.
لە کۆبونەوەکەدا رێککەوتن کە لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوەو ژمارەی نان دەستکاری نەکرێت و (8) نان بە هەزار دینار دەبێت و خاوەنی نانەواخانەکانیش رەزامەند بوون.
کامەران کەریم
August 23, 2021