سەرچاوەیەکی پۆلیسی دوبز رایگەیاند، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیراوە کە دوو مووشەکی تێدا بووە و پێش ئەوەی بگەنە شوێنی رووداوەکە سێ مووشەکی دیکە بە ئاراستەی هەولێر تەقێنرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەمڕۆ سێشەممە 24-08-2021 سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای دوبز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە نزیک گوندی عەمشەی سەر بە قەزای دوبز دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا گیراوە کە دوو مووشەکی تێدا بووە و سێ مووشەکی دیکەش پێشتر تەقێنرابوون".
هەروەها سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەشدا، "دوای بیستنی دەنگەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە کە جگە لە پۆلیس هێزەکانی سوپا لە ناوچەکەبوون، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە مووشەکەکان بە ئاراستەی هەولێر تەقێندراون، بەڵام کردەوەکە شکستی هێناوە و ئەو مووشەکەکان ئامانجیان نەپێکاوە".
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە رایگەیاند، چەند هاوەنێک لە سنووری پارێزگای هەولێر لە نزیک قوشتەپە لە گوندەکانی دۆڵەبەکرە، دۆڵەزە، عەلیاوا، تەتەراوە و باشتەپە کەوتنە خوارەوە، هاوەنەکان بە چۆڵەوانی کەوتوون و هیچ زیانێکی ماددی و گیانییان نەبووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی کاژێر 17:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، "هێزەکانی ئاسایش ئاگاداریان کردووینەتەوە کە هاوەنەکان لە ناحیەی دوبزەوە ئاراستەی قوشتەپە کراون".