ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پیرۆزبایی لە هەڵەبجە ی شەهید دەکەین کەکارێکی گرنگ و ستراتیجیمان بۆ کردوون .
غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، پاش هەوڵ و ماندوبونێکی زۆری چەند مانگە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق، بەتایبەت بەرێز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق قاسم ئەعرەجی کە لەگەڵمان زۆر ماندوو بوو و بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر بۆ هەڵەبجە، ئێستا ئیتر پارێزگای هەڵەبجەی شەهید بویە خاوەنی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی توانیمان رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدەست بهێنین بۆ بە فەرمی ناساندنی دەروازەی سازان.
وتیشی، هەفتەی رابردوو نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کیتابی فەرمی ئاگاداریکردین کە سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە کە دەروازەی سازان بکرێتە فەرمی و بەفەرمی رێکارەکانی دەستیپێکردووە.
ڕونیشیکردەوە، بۆ تەواوکردنی رێگای سازان هەڵەبجە کە چەندین ساڵە حکومەتی هەرێم فەرامۆشی کردووە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بودجەی بۆ دابینکراوە و بەرێز مامۆستا ئەحمەدی حاجی رەشید کاری لەسەر ئەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە لێرەوە هیوادارین حکومەتی هەرێم چیتر نەبێتە رێگر لەبەردەم کارەکانی ئەم پرۆژە گرنگە و هەڵەبجە لەو پەڕاوێز خستنە دەرباز بکەن، هەرکەسیش رێگری یان سستی لەم پرۆژەیە بکات ئەوە خیانەتە لە هەڵەبجە و خەڵکی کوردستان بە گشتی و پێویستە سزای توند بدرێت.
باسی لەوەشکرد، دووبارە پیرۆزە لە هەڵەبجە و شارەزور، بەم هەنگاوە دەرفەتی گرنگ بۆ گەنجانی هەڵەبجە و شارەزور دروست دەبێت.
سازدانی چاوپێکەوتن - کامەران کەریم