سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و هەردوولا جەختیان لە کاری پێکەوەیی کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "هەڵوێست و هەوڵەکانی فەرەنسا لە سەرخستنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی لە بەغدا بەرزدەنرخێنین." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "پێکەوەکارکردنی فەرەنسا و عێراق بۆ سەرخستنی دیموکراسی بەردەوامدەبێت".
لە کۆنگرەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشدا، "بوونی فەرەنسا لە عێراق مێژووییە و کاریگەریی زۆر گەورەی هەیە. ئێمە بە پەرۆشین تاوەکو لە وزە و کارەبا و بوارەکانی دیکە پێکەوە کاربکەین".
 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوەی لووتکەی بەغدا بە "رووداوێکی مێژووی" ناودەبات و دەڵێت، "سەقامگیری لە عێراقدا بەدینایەت تا ئەو کاتەی هەموو ناوچەکە ئامادەیی پێکەوەکارکردنی هەبێت. پێموایە کۆنفرانسی ئەمڕۆ، پێکەوە کارکردنی ئێمە و توانای ئێوە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانی ناوچەکە لێرەدا، مەرجێکی سەرەکیی ئەو سەقامگیرییەیە. بڕوام وایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە توانای ئەوەمان هەیە رێگەی نوێ بۆ پێکەوەکاردن لە ناوچەکەدا بدۆزینەوە."
 سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "فەرەنسا رژدە لەسەر یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان".
 سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەبارەی هاوکارییەکانی فەرەنسا لە شەڕی تیرۆر رایگەیاند،"فەرەنسا بەشداربووە لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش، سوپاسی خۆمان بۆ هەوڵەکانیان لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق دووپات دەکەینەوە." هەروەها گوتیشی، "عێراق و فەرەنسا هاوبەشی سەرەکین لە شەڕی دژی داعش و شەڕی دژی تیرۆر، بە دڵنیاییەوە ئەو هاوبەشییە بەردەوام دەبێت بۆ بەرگریکردن لە بەها دیموکراتییەکان لە ئەزموونی عێراقی لاو."
 لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا، "گرنگە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بێگەرد و بێ کەموکورتی بێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا دەکەین لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە کەرتی تەندروستی لە ماوەی پەتای کۆرۆنا، جارێکی دیکەی بەخێرهاتنی سەرۆک دەکەم و سوپاسی بەشداریکردنی دەکەم لەو کۆنگرەیە."
کۆنفرانسی لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بە بەشداریی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵات بەڕێوەدەچێت.