سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت، "پێموایە ئێوە ئاڵنگاریی گەورەتان لە بەردەمدایە، خەڵکی ئێوە ئاڵنگاریی زۆری لەبەردەمدایە، خەڵک شەڕ و تیرۆریان بینیوە و ئێمە دەمانەوێت هاوکاریتان بکەین لە دووبارە بنیاتنانەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕووداو؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 29-08-2021 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کاتی سەردانکردنی مزگەوتی نووری لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە ساڵی 2017 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،  "دەمەوێت بە یادت بهێنمەوە لە کۆتایی ساڵی 2017دا کاتێک کە پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، زۆر ئاڵۆز بوو، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە فەرەنسا روویدا".
 لە ساڵی 2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەو کات سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو سەردانی پاریسی کرد و لە گەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە، ئیمانوێل ماکرۆن لەو بارەوە دەڵێت، "من پێشوازیم لە بەرپرسانی کورد کرد بەمەبەستی پێشکێشکردنی ئاسانکاری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان."
 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی فەرەنسا باسی دۆخی شنگال و کاریگەریی شەڕی تورکیا و پەکەکە لەسەر ئەو ناوچەیە کرد و رایگەیاند، "پێموایە دەبێت کارەکانمان بە ئەنجام بگەیێنین تاوەکو ئاسایش هەبێت و سەقامگیری بەدوایدا بیت، چونکە هێشتا گرووپی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا هەن، کار بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەکەین بەمەبەستی کەمکردنەوەی بۆردوومان و دەستوەردانی تورکیا، هەروەها بۆ ئەوەی رێگە بە خەڵک بدرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
 هەروەها لەبارەی رەوشی ئێزدییەکان سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "من باسی ئێزدییەکانم کرد، بەڵام پێموایە دەبێت کارەکانمان خێراتر بکەین تاوەکو خەڵکێکی زۆری ئێزدی بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونکە ئەوان ئێستا لە هەولێر و موسڵدا دەژین و باری ژیانی دانیشتووانی هەولێر و موسڵ قورستر دەکەن".
لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ هەولێر ، ماکرۆن دەڵێت، "من دوای ئێرە دەگەڕێمەوە هەولێر و چاوم بە سەرۆک بارزانی دەکەوێت و هەروەها دەرفەتم دەبێت بۆ ئەوەی چاوم بە ، دەتوانم بڵێم، بارزانی مەزن، براکەم بکەوێت، هەروەها پێشمەرگە شەڕڤانەکان".
بە گوێرەی ئەم هەواڵە؛ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەیشتوونەتە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
دواتر سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت. دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان دەبێت.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.