مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەوا و بەگرتنە بەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینە برینی تاوانی 31ی ئاب بە یەكجاری سارێژ دەبێت."

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەنراوێکی بەبۆنەی ساڵیادی ڕووداوەکانی 31ی ئاب بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بە تەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەگە سەدەیەك لە هێرشی سوپای رژێمی سەددام حسێن بە هاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەكەمان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا و بە جەرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشەرانی رێی رزگاری."

دەشڵێت، "ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەو گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنها پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی ڕاپەڕیبوون، تەنها شەس ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزموونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو."

یەکێتی جەختی کردووەتەوە کە "ڕاستە گەلەكەمان بە قوربانیدان و سووربوونی لەسەر درێژەپێدانی خەبات و بە لەخۆبردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پشتیوانی دۆستان ، توانی بەسەر ئەم ئازارە كەمەر شكێنەدا زاڵبێت و رێگەی ئاشتی و لێبوردەیی بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی كوردستان بدۆزێتەوە و رێی ئاوەدانی و ئاسۆی سەركەوتن بەسەر رێی تۆڵە و ناكۆكی و گرژی سەربخات، بەڵام هێشتا دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوە و تێكەڵبوونی بە كاغەز و ئەجیندەی سەپاندنی دیفاكتۆی هێز و دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێ سروشتی سیاسی."

باسی لەوەشکردووە، "یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بە پێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بە یەكجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەوا و بەگرتنە بەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری راستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك."