سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای نەینەوا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ ڕاگەیاند و پارێزگاری نەینەواش پێشوازیی لەو پێشنیارە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکانی شاری موسڵ ڕاگەیاند.
ناوبراو لە سەردانێکدا بۆ موسڵ لە گەڵ نەجم ئەلجبوری پارێزگاری نەینەوا کۆبووە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: موسڵ بە هۆی تیرۆریزمەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە و سەرەڕای هەوڵ و کارەکانی ئیدارەی خۆجێیی، ڕێژەی زیانەکان زۆرە و سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ ئاوەدان کردنەوە، بەڵام پێویستی بە کاری زیاتر هەیە.
ڕەشنودی وتی کە ئێران ئامادەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی موسڵ بەشداری بکات و ئەزموون و توانایەکی زۆریشی لەم بوارەدا هەیە.
ناوبراو باسی لە بەرنامەی کۆماری ئیسلامی بۆ کردنەوەی پێشانگایێکی تایبەت بە تواناکان لە بواری بیناسازیی بە بەشداریی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لە موسڵ کرد و ئەمەی بە هەنگاوێکی جیدیی بەشداریی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ ناوبرد.
سەرکونسوڵی ئێران، وتی: ئێرانییەکان ویستی هاوکاریکردنی پارێزگای نەینەوایان لە بوارەکانی زانستی، ئابوری و تەنانەت ڕۆشنبیری هەیە و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەن پێشانگای تایبەت بە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان لە موسڵ بکرێتەوە و هیوادارن پارێزگاری نەینەواش لەم پێناوەدا هاوکاری بکات.
پارێزگاری نەینەواش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وێڕای پێشوازی لە پێشنیارەکەی سەرکونسوڵی ئێران، وتی: لە کۆبوونەوە لە گەڵ سەرکونسوڵی ئێران سەبارەت بە ڕێژەی زیانەکانی شاری موسڵ بە هۆی داگیرکاری داعشەوە وتووێژ کراوە.
نەجم ئەلجبوری وتی: عێراقییەکان لە بەسرە تا زاخۆ، خوێنی گەنجانی خۆیان کردە قوربانیی ئازادکردنی موسڵ و بە گیانفیدایی ئەوان، ئەم شارە بۆ ئامێزی عێراقییەکان گەڕایەوە.
ناوبراو وتی کە بە جیدی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ دەدرێت و لەم پێناوەدا هاوکاری هەر لایەنێک دەکەین کە خێرایی بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی شەڕ لە موسڵ ببەخشێت.