لە دو رۆژدا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، ٦ ھاوڵاتی بە نەخۆشی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ١٨٠ ھاوڵاتییش توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، تەندروستی گشتی گەرمیان ڕایگەیاند، لەماوەی کەمتر لە دو رۆژدا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، ٦ ھاوڵاتی بە نەخۆشی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ١٨٠ ھاوڵاتییش توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، ھەروەک سەروی ٦٠ نەخۆشیش لە بەشی تایبەت بە نەخۆشانی کۆرۆنا خەوێنراون، کە ئەمەش پەرەسەندنێکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکەمان، بۆیە داواکارین لە ھاوڵاتیان بە:
١. خۆپارێزیی تەواوەتی بکەن، رێکارەکانی خۆپارێزیی لەبیر مەکەن و بەباشیی جێبەجێی بکەن.
٢. ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن و کەمتەرخەمیی نەکەن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە و خۆیان تۆمار بکەن لە ئەپڵیکەیشنی (کوردڤاک.)

٣. بە زۆری ئەوکەسانەی کە داخل بە بەشی نەخۆشخانەی قەڵا دەکرێن و حاڵیان خراپە، ئەوانەن کە درەنگ ھێنراون بۆ نەخۆشخانە، بۆیە تکایە نەخۆش پێش ئەوەی بگاتە ئەوپەڕی خراپی داخلی نەخۆشخانەی بکەن.
٤. دەرمان و چارەسەری پزیشکیی لە خۆوە بەکارنەھێنرێت، بەبێ پشکنینی ورد و لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ، تکایە کەس لە خۆیەوە دەرمان و چارەسەری پزیشکیی وەرنەگرێت.
٥. ئەو کەسانەی گومانی نەخۆشیەکەیان ھەیە، با سەردانی تاقیگەی کۆرۆنا بکەن و بێ بەرامبەر پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەوشێوەیەش بەر بە تەشەنەسەندنی حاڵەتەکانی نەخۆشیەکە دەگیرێت.
داواکارین لەھاوڵاتیان پابەندی خاڵانە بن، لە پێناو سەلامەتی ھەموو لایەک دا.
کامەران کەریم