ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، پێشنیازە بڕیارە گرنگەکە پێشکەشکرا و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران یەکێک لە ماددەکانیەتى .
عومەر گوڵپی  ئەندامی  لیژنەی  دارایی  لەپەرلەمانی  کوردستان  لە وتووێژی  لەگەڵ پەیامنێری  زایەڵە   ڕایگەیاند،  بە واژۆی‌ زیاتر لە ژمارەى پێویستى یاسایى ئەندامان، پێشنیازە بڕیاری‌ پابەندکردنی‌ حکومەت بە ئەرک و پابەندییە داراییەکان  پێشکەش بە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرا، هیوام وایە لە زووترین کاتدا ئەم پێشنیازە بڕیارە ڕێکارە پەیڕەوی‌‌و یاساییەکان ببرێت ‌و لە پەرلەمانەوە زۆرینە پاڵپشتی‌ بن‌و ببێتە بڕیارێکی‌ گرنگی‌ پەرلەمان، چونکە هەموو ماددەکانی‌ بڕیارەکە تەحقیقکردنی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌ و پاراستنی‌ مافی‌ هاووڵاتیان ‌و فەرمانبەرانە و دوورە لە ڕق‌ و کینە و ئایدۆلۆجیا و ململانێی‌ نادروست‌ و هیوایەکە بۆ پابەندکردنى حکومەت بە ئەرکە داراییەکانی‌ بەرانبەر بە هاووڵاتیان‌ و فەرمانبەران.
وتیشی، پێشنیازە بڕیارەکە لەلایەن (٢٥) ئەندامی‌ بەرێزی‌ پەرلەمانەوە واژۆکراوە، کە پێکهاتوون لە بەرێزان (عەبدولستار مەجید، عەلی‌ حەمەساڵح، د.شێرکۆ جەودەت، د.کازم فاروق، سیروان بابان، موژدە مەحمود، کاوە عەبدولقادر، سیپان سالم ئامێدی‌، د.محیەدین حەسەن یوسف، ئەبوبەکر هەڵەدنی‌، د.ئیسماعیل سگێری‌، ئاشنا عەبدولقادر، مەم بورهان قانیع، جەلال موحەممەد، ڕووپاک ئەحمەد، شیرین ئەمین، د.شایان کاکە ساڵح، بەدریە ئیسماعیل، یاسین خزر تەها، موسلیم عەبدوڵڵا، عوسمان عەلی‌ سمایل، شاخەوان ڕەوف، دابان موحەممەد حەسەن، د.هەورامان حەمەشەریف، عومەر گوڵپی‌).
ڕونیشیکردەوە،  پێشنیازە بڕیارەکە پێکهاتووە لە پێنج ماددە، کە بە پێی‌ حوکمەکانی‌ هەر پێنج ماددەکە، حکومەت پابەند دەکرێت بەمانەی‌ خوارەوە؛
 کۆکردنەوەی‌ سەرجەم داهاتە نەوتی‌‌ و نانەوتییەکان‌ و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌. دەستپێکردنەوەی‌ پلە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران‌ و خەرجکردنی‌ سەرجەم شایستە داراییەکانیان بەپێی‌ یاسا بەرکارەکان،  دابەشکردنی‌ مووچەی‌ هەر مووچەخۆرێک وەک خۆی‌‌ و نەگەڕانەوە بۆ دۆخی‌ لێبڕین‌ و پاشەکەوتکردن و پابەندی‌ تەواو بە حوکمەکانی‌ ئەو یاسایانەی‌ مووچە ڕێک دەخەن. خەرجکردنی‌ هەر بڕە پارەیەک کە لە جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ چاکسازی‌ دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی‌ گشتی ‌‌و پیاچوونەوە و چاککردنی‌ کەمترین مووچەی‌ خانەنشینی‌.
ئاماژەی بەوەش دا؛ سەرەتای‌ ئەم هەوڵە دەگەڕێتەوە بۆ (٧ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١)، بەتایبەت پاش هاتنی‌ بڕی‌ دوو سەد ملیار دینار لە بەغداوە، کە لەگەڵ زیادبوونی‌ داهاتەکانی‌ نەوت‌و داهاتە نانەوتیەکانی‌ هەرێم، واقیعێکی‌ تازەی‌ دۆخی‌ دارایی‌ وایان دروستکردووە کە دەرفەت‌و زەمینەیەکی‌ زۆر گونجاوی‌ بۆ دەرکردنی‌ بڕیارەکەو پابەندکردنی‌ حکومەت بە ئەرکە داراییەکانی‌ هێناوەتە پێش.
سازدانی - کامەران کەریم