مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە پێشوازی لێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرلەوەی بەرەو ئێران بەڕێ بکەوێت ئامانج لە سەردانەکەی بۆ تارانی بە پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی ئاسۆی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە لە سەرجەم بوارەکاندا ڕاگەیاندبوو.
وتیشی: "عێراق سەرکەوتوو بووە لەوەی رۆڵێکی میحوەری بیگێرێت لە ناوچەکە لە رێگای پتەوتر کردنی شەراکەتی ستراتیجیی لەسەر بنەمای پشتیوانیکردنی سەقامگیریی، ھاریکاریی و دۆستایەتی لەسەر بنچینەی ئاشتیی و گەشەپێدان."
مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی ئێران کۆدەبێتەوە.