سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر وتی: هەنگاوی کاریگەرمان لەپێناو پتەو کردنی پەیوەندی ئابووری و نواندنی تواناییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەورووبەر هەڵگرتووە.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی، سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لە پەراوێزی پێشانگای نێودەڵەتی هەولێر لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری زایەڵە، ڕایگەیاند: یەکێک لەو خاڵانەی کە دەتوانێت بەرهەم و سەنعەتی وڵاتێک بناسێنێتە وڵاتانیتر، دانانی پێشانگا نێو دەوڵەتیەکانە.
ڕەشنوودی بە ئاماژە بە وەی کە لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر ۱٥۰ کۆمپانیا لە هەشت وڵات بەشدارن، وتی: بەرپا کردنی ئەم پێشانگای نێودەوڵەتیە لە ڕاستیدا ناساندنی تواناییەکانی پیشەی بیناسازیە.
سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند: ۲۷ کۆمپانیای دانش بونیان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لەم پێشانگایەدا بەشدارن کە بە بەراورد لە گەڵ وڵاتانی تردا زۆرترین بەشدار بووی هەیە.
ڕەشنوودی هەروەها وتی: کۆمپانیا بەشدار بووەکانی ئەم پێشانگایە توانایی زۆریان هەیە و بە ڕچاوکردنی بەرهەمە مۆدێڕنەکان توانیویانە بەرهەمەکانی خۆیان بخەنە بەرچاو.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی ئاماژەی بە ڕەزامەندی کۆمپانیاکان لەم پێشانگایە کرد و وتی: بە پێی سەردانەکان و توانایی میوانداری هەرێمی کوردستان، زۆربەی کۆمپانیا بەشدار بووەکان لە بەشدار بوون لەم پێشانگایەدا ڕەزامەند و خۆشحاڵن.
سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لە درێژەدا وتی: بەرپا کردنی ئەم پێشانگایە لە باروودۆخی دژواری کۆرۆنادا زۆر ئەستەمە بەڵام ئێمە لە سەرەتای ساڵەوە تاکوو ئێستا توانیومانە لە دوو پێشانگای نودەوڵەتی و پێشانگایەکی تایبەتی کۆماری ئیسلامیدا لە هەولێر بەشداری بکەین کە کاریگەری ئەرێنی زۆری هەبووە.
هەروەها ڕایگەیاند: ئابووری ناوچەی هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری ئەو هۆکارانەدایە کە کاریگەریان لە سەر ئاڵووگۆڕی ناوچەکە هەیە. لە ڕاستیدا لەو کاتەوە داعش لەم ناوچەدا سەری هەڵدا بە تەواوی ئابووری ئەم ناوچە گۆڕا.
سەکنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بە گەشە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کرد و وتی: بەداخەوە لەو کاتەوە داعش لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵدا تاکوو ئێستا ئەم ناوچە نەیتوانیوە بگاتە قۆناغی گەشە و پێشکەوتن ، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی بەرپرسانی هەرێم و خەڵک و کەرتی تایبەت ، بەتایبەت لە بەشی بیناسازیدا هەنگاوی شیاو هەڵگیراوە.
ڕەشنوودی هەروەها وتی: هیوادارم دانانی پێشانگاکان بتوانێت کاریگەری تەواوی لە سەر گەشە کردنی ئەم ناوچە هەبێت. بەڵێندەری زۆر لە وڵاتە جۆراو جۆرەکان بە تایبەت بەڵندەری ئێرانی لە بواری ؛ تەکنیکی ئەندازیاری، پیشەی بیناسازی، خۆراک، بازگانی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.
ڕەشنوودی ئاماژەی بە ئامادەبوونی کۆمپانیاکان لە بەشی بازرگانیدا کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی بنەڕەتی لە دابین کردنی پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبوو.
هەروەها وتی: سەرەڕای بەردەوام بوونی پەتای کۆرۆنا لە وڵات دا، بە بەختەوەریەوە پەیوەندی بازرگانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بووە و دۆخەکە بۆ پەرەسەندنی پەیوەندیەکان لەبارە و بەرپا کردنی پێشانگاکان دەتوانێ لەم بارەیەوە یاریدەدەر بێت.
سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر وتی: کۆمپانیاکانی ئێران و هەرێمی کوردستان توانیویانە هەنگاوی هاوبەش هەڵبگرن و هیوادارم بە پێی یاسای نووسراو بتوانن بە ئاکامی بگەیەنن لە بەر ئەوەی لە ڕێی تواناییەکانی کەرتی تایبەت گەشە و پێشکەوتن بوونی هەیە.
ڕەشنوودی بە ئاماژە دان بە پەیوەندی کەرتی تایبەتی ئێران و هەرێمی کوردستان، وتی: هیوادارم لە سەردەمی سەرۆک کۆماری جەنابی ڕەئیسی دا هەلی گونجاوتر بۆ پەرە پێدانی پەیوەندیەکان و باشتر بوونی دۆخەکە بڕەخسێت.
ڕەشنوودی لە درێژەی وتەکانیدا باسی وەرگرتنی خوێندکارە ئێراقیەکانی لە زانکۆ ئێرانیەکان کرد و وتی: دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە هەموو زانکۆکانی ئێران دەگات و دەتوانن لە دەرفەتەکانی ئەم زانکۆیانە کەڵک وەربگرن بۆیە کۆماری ئیسلامی خەریکی ڕاوێژ کردنە بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەولێر و سلێمانیدا زانکۆ بکاتەوە بەڵام سەرەڕای ڕێگای هەمواری هاتووچۆو پەیوەندی ئاسانی لە نێوانیاندا تاکوو ئێستا لەم بارەیەوە هەنگاوی شیاو هەڵنەگیراوە.
سەرکونسووڵی ئێران هەروەها وتی: زۆربەی ئەو خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە پلەی بەرزیان هەیە لە خوێندنگەکانی ئێران خوێندوویانە و ئەمەش بۆ وڵاتی ئێران جێگای شانازیە.
ئەم بەرپرسە هەر وەها وتی: لە باروودۆخی دژواری کۆرۆنادا بڕیارەکان گرێدراوی بنکە و بارەگاکانی بەرپرس لە بەشی کۆرۆنای ئەو وڵاتەن و لە وڵاتی ئێرانیش بەرپرسانی بەشی کۆرۆنا بۆ کرانەوە و داخرانی دەروازە سنووریەکان بڕیار دەدەن، بەڵام لە کاتێکی کورتدا سنوورەکان بە ڕووی مسافر و گەشتیاراندا داخراو دوای ماویەک کرایەوە.
ڕەشنوودی ئاماژەی بە حەوت جۆر ڤێزە دا و وتی :ڤێزەی دەرمان، خوێندکاری، بازڕگانی، وەبەرهێنان، پەیوەست بوون بە خێزان و هتد دەردەچێت.
ڕەشنوودی وتی لە کۆتایی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویەوە تاکوو ئێستا ڤێزە بە تەواوی خۆراییە و پارەیەک لەو بارەوە وەر ناگیرێت.
سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند : کۆماری ئیسلامی لە گەڵ عێراقدا وەک وڵاتێکی دۆست و هاوسێ لە پێناوی گەشەکردندا لەگەڵ یەکتر هاوکاری دەکەن و ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران گرینگیەکی تایبەتی هەیە و هەبوونی نەیارەکان ناتوانێت مەودا بخاتە نێوانمان.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی وتی: ئەمنیەت و سەقامگیری هە وڵاتێک دەببێت لە لایەن خودی ئەو وڵاتەوە دابین بکرێت.هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی عێراق بە باشی دەتوانن لە بەرانبەر تیرۆریستاندا خۆڕاگر بن و داکۆکی لە وڵاتەکەیان بکەن.
سەرکونسووڵی ئێران لە کۆتییدا ئاماژەی بە ئەمنیەت و ئاسایشی وڵاتی عێراق دا و وتی : هەر وڵاتێک دەبێت خۆی پارێزەری ئاسایشی خۆی بێت و وڵاتی ئێراقیش بە لە بەرچاو گرتنی ئەزموونی ساڵانی پێشوو بە خۆشحاڵیەوە باش توانیویەتی ئەمنیەت و ئاسایشی دانیشتوانی بپارێزێت.