کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئارد لە سلێمانی کرایەوە کە دەتوانێت رۆژانە 500 تۆن ئاردی خۆماڵی بخاتە بازاڕەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ ئەمڕۆ یەکشەممە 19-09-2021 کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردی سلێمانی کرایەوە.
قوباد تاڵەبانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکەدا وتی ئەوان لە حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیای قەیوان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو کارگەیە بەزوویی تەواوبکرێت.
راشیگەیاند، تەواوکردنی پرۆژەکە لە ماوەیەکی کورتدا سەلماندی، ئەگەر حکومەت و کەرتی تایبەت هاوئاهەنگ و هاوکاربن، دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنین.
ئاماژەی بەوەش دا؛ تەنیا بە تەواوکردنی ئەم بەشەی پڕۆژەکە، توانراوە 400 هەلی کار دابین بکرێت.
 جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: بە سێ پرۆژەی بەبازاڕکردنی "گەنمی جووتیاران" و پرۆژەی "سلێمانی بیست بیست" و پڕۆژەی "کارگەی شەکری بیتوێن" کە تەنیا ئەو پرۆژانە نزیکەی 18 هەزار هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن.