بڵێسە جەبار فەرمان رایگەیاند:" ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت چونكە لە ٧٠٪ی ئەندامانى ئێستای پەرلەمانى عێراق خۆیان کاندیدکردووتەووە و دیسانەوە داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستوودا بە واتای دیموکراسیی نایەت، چونکە لە ٧٠٪ ی ئێستای ئەندامانى پەرلەمان خۆیان کاندیدکردووەتەوە و دیسان داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە.
هەروەها، وتوشیەتى، پەرلەمانی عێراق  لە ٣٢٩ ئەندام پێکدێت و زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەم خولەى ئێستا دوو خولە ئەندامی پەرلەمانن و ٢٠ ى دیکەش سێ خولە ئەندامی پەرلەمانن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەش داوە، ١٦ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەى ئێستا لە پێشووتردا وەزیربوون لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا و زیاتر لە ٢٠ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەش پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوون و چوار پەرلەمانتاریش پێشتر پارێزگاربوون.
لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەیدا ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، عیراق لە نێو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و باڵادەستەکانی ناو پارتە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕبە کورسیەکانیان دەکەن لەنێو ئەو بازنە داخراوەدا.
لە پاش ساڵى ٢٠٠٥-ەوە هەتا ئێستا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چوار هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەنجامداوە، کە بەمشێوەیەن لە ساڵەکانى ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا بەڕێوەچوون و ئەم هەڵبژاردنەى لە ڕۆژى ١٠ – ١٠ -٢٠٢١، ئەنجام دەدرێت دەبێتە پێنجەم هەڵبژاردنى پەرلەمان لە دوایی ڕووخانى ڕژێمى بەعس.