بەرهەم ساڵح لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران گرنگی ھەیە بۆ ھەردو وڵات و گشت ناوچەکە، ھەروەھا ئاماژەی بەهەوڵەکانی عێراق کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و مسۆگەرکردنی ئارامی ناوچەکە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق؛ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە نیویۆرک لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشوازیکرد لە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران.
 لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و گەلی دراوسێ و پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکان و پتەوکردنی ھاریکاری ئابوری و بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران و کاراکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردولا.
ھاوکات بەرھەم ساڵح رایگەیاند، "عێراق کار دەکات بەئاڕاستەی ئەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی گەلان لەپێناو کارکردن و هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەرنگاربونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستی و هەڕەشەی گۆڕانی کەشوھەوا"، ھەروەھا جەختیکردەوە کە ئاسایش و ئارامی عێراق بنەمایەکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە.
 لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و ئارامی عێراق دوپاتکردەوە، ھەروەھا جەختیکردەوە، کە ئێران چاوی لەپتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و ھاریکاری ئابوری و بازرگانییە لەگەڵ عێراق، ھەروەک بەگرنگییەوە باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق کرد بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.