وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە بە گوێری ڕێککەوتنی ئەنجام دراو، گرووپە نەیارەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە چەک دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئاژانسی فارسی ئێرانی بە گێڕانەوە لە وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، بڵاوی کردەوە: "بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئەنجامدراو، چەک کردنی ئەندامانی تیرۆریستیی دژەشۆڕش لە ناوچەی کوردستانی عێراق لە نێزیکترین کاتدا لەلایەن بەرپرسانی ئەم وڵاتە ئەنجام دەدرێت."
ئیسماعیل خەتیب بۆ هەوڵنێران لە پیرانشار ڕایگەیاند: "هەموو ئەندامانی دژەشۆڕش و پشتیوانەکانیان لە ناوچە باش ئاگاداربن کە لە ئەگەری هەر چەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەڵامی بەزەبر و یەکلاکەرەوەی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە لە هێزە چەکدار و ئەمنییەکان وەردەگرن.
ناوبراو هۆشداریی بە بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دا کە لە ئەگەری دروستکردنی هەرچەشنە نائەمنییەک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ کاردانەوەی چالاکانە و هێرشبەرانەی هێزە گیانفیداکانی ئێرانی ئێسلامی بەرەوڕوودەبنەوە.
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ئاشکراشی کرد: "چەک کردنی چەکدارانی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژەشۆڕش لە ناوچەی کوردستانی عێراق لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە لە زووترین کاتدا و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکان، جێبەجێ دەکرێت."