باڵیۆزی ئێران لە عێراق داوای لە هەولێر و بەغدا کرد پرسی گرووپە دژبەرە چەکدارەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنی ئاژانسی فەرمیی عێراق، سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارە دژبەرەکان، وتی: چەندین جار ئێران داوای لە هەرێم و حکوومەتی ناوەندیی عێراق کردووە جووڵەکانی ئەم گرووپانە بوەستێنن، بەڵام مخابن ئەمە نەکرا و ئەوان بە پەڕینەوە لە سنوور کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدن و دەگەڕێنەوە خاکی عێراق.
جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە؛ دەبێ بەر بە چالاکیی ئەو گرووپانە بگیردرێت، دەنا ئێران چارەیێکی دیکەی نییە جگە لە ئۆپراسیۆن دژبەوان. ئێران بە هیچ لەونێک بە دوای خەسار و زیان گەیاندن بە ناوچە سنوورییەکانی دو وڵات نییە.
مەسجدی داوای کە بەرپرسانی هەولێر و بەغدا کرد بە جدییەتەوە کار بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسە بکەن.