ژماره‌یه‌ك ڕۆکێت ئاڕاستەی سه‌ربازگه‌یه‌كی‌ توركیا لە ناحیەی زێلکان لە پارێزگای نەینەوا کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کۆتاییەکانی شەوی ڕابردوو، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێزیک چیای باشیکی سەر بە قەزای شێخان بیسترا.
بەرپرسێکی ئەمنی بۆ مەوزاین نیووز ڕایگەیاند بنکەی سەربازیی تورکیا لە زێلکان بۆتە ئامانجی ٥ ڕۆکێت کە یەکیان بەر بنکەکە کەوتووە و ئەوانی دیکە لە نێزیکیەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
هاوکات شەفەق نیوز وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند ٢ لە ڕۆکێتەکان نەتەقیون.
بەڕێوەبەری ناحیه‌ی‌ زێلکانیش ڕایگەیاند: پێنج ڕۆکێت بووە و ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لەسەر چیای باشیک کراوە.
محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان وتیشی‌، سێ لە ڕۆکێتەکان تەقیونەتەوە و دووانەکەی دیکەیان نەتەقیون.