وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند لە ئۆپراسیۆنێکدا سەرکردەی تاقمێکی تیرۆریستیان کوشتووە و ئەندامانی ئەو تاقمەیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ئاژانسی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئەو وڵاتە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە کوشتنی سەرکردەی تاقمێکی تیرۆریستی و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی تاقمەکەی کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، ئەو تاقمە تیرۆریستییە بە پشتگیریی و ڕێنوێنیی دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی نەیاری ئێران هاتوونەتە نێو وڵات و لە ئەنجامدا لە لایەن هێزە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر کراون.
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هیچ زانیارییەکی وردی لە سەر ناسنامەی تاقمە تیرۆریستییەکە و ئەوەی کە کاریان بۆ چ وڵاتێک کردووە، ئاشرا نەکردووە.