سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئاشكرایده‌كات، كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر كاریگه‌ری خراپ بۆهه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، و بۆعێراقیش پاڵپشتی هه‌ندێك وڵات له‌ده‌ست ده‌دات .
شوان ڕابه‌ر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵی دادگه‌ری  له ‌وتوێژی له‌گه‌ل په‌یامنێری زایه‌ڵه‌ ڕایگه‌یاند ، 24/9/2021  له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌یه‌ك سازكراوه‌  له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب كه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر یاخود له‌ ده‌ره‌وه‌ داده‌نیشن كه ‌زۆربه‌یان به‌رهه‌ڵستی حكومه‌تی به‌غدادن، ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ به‌حساب بۆئه‌وه‌ بووه‌ كه ‌په‌یوه‌ندی عێراق له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ .
وتیشی: هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی به‌رپرس له‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام وێنه‌كانیان بڵاوبویه‌وه‌ و  به‌هه‌ر حاڵ كۆمه‌ڵی دادگه‌ری لێدوانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دا، حكومه‌تی عێراقیش به‌رپرسی سه‌ره‌كی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌ له‌په‌یوه‌ندیه‌كان، خه‌ڵێك له‌خۆیه‌وه‌ ناتوانێت ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینێت  بۆیه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ هه‌ندێك له ‌ڕێكخه‌رانی كۆبونه‌وه‌كه‌ دەر‌كرد، هه‌ندێك وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه‌ به‌ خراپ ده‌زانن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیسرائیل سته‌می زۆری له‌گه‌لی فه‌له‌ستین  و وڵاتی ئیسلامی ده‌كات، وڵاتێكی تری ئیسلامی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل خۆیبێت باجه‌كه‌ی ده‌دات .
ڕونیشیكرده‌وه‌، ئیسرائیل كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردووه‌ له‌دژایه‌تی كردنی ئیسلام و موسڵمانان له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵ و شوێن ده‌ستی له ‌زۆرشوێن دیاره‌ ، بۆیه‌ په‌یوه‌ندی چاككردن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر حسابی حاڵه‌تی موسڵمانان ئه‌وه‌ش خراپه، كاریگه‌ری خراپ دروست ده‌كات، هه‌تا ئه‌گه‌ر كوردستان ئه‌وه‌ بكات باجه‌كه‌ی ده‌دات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراقیش بیكا پاڵپشتی هه‌ندێك وڵات  له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ كه ‌له ‌هه‌ولێر كراوه‌  بۆ هه‌ولێر نێگه‌تیڤه‌ به ‌تایبه‌ت بۆ به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ .
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئیسرائیل ئه‌و مه‌له‌ف و خه‌ڵكانه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی  خۆی به‌كار دێنێت، بۆیه‌ واچاكه‌ كوردستان  ڕێگه‌ نه‌دات  به‌وجۆره‌ كارانه‌، ئه‌و جۆره‌ كۆبونه‌وانه‌ زه‌ڕبه‌ له‌ كوردستان ده‌دات، نابێت خه‌ڵكێك خاكی كوردستان بۆخۆی به‌كار بێنێت و ڕۆڵی  خراپ بگێڕێ  چونكه‌ كوردستان باجه‌كه‌ی ده‌دات نه‌خاسمه‌ دوای  ڕیفراندۆم .
سازدانی – كامه‌ران سه‌ید كه‌ریم