ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی سەرۆكی هاوپەیمانییەكەی یەكێتی و گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، دەداتەوە و لەسەر شێوازی دەربڕینی قوباد تاڵەبانییەوە دەڵێت: ”قەسەم بە خوا بە هیچ نایبەنەوە“.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا سوێندی خوارد و گوتی ”قەسەم بەخوا“، سوێندەكەشی لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەم هۆیەشەوە پارتییەكان وەڵامیان دایەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە پێگەی خۆی لە (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”بە فرت و فێل نەتانبردەوە، بە سیاسەت کردتان نەتانبردەوە، بە تەزویر کردتان هەر نەتانبردەوە، بە کشانەوە کردتان نەتانبردەوە، دواجار بە خیانەتیش هەر نەتانبردەوە، دەی قەسەم بەخوا هەر نایبەنەوە“.
لە لایەكی دیكەوە بەهمەن كاك عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە دوای هەشت ساڵ، هێشتا پرۆسەی دروستكردنی ڕێگەی نێوان كەلار - دەربەندیخان نەگەشتووەتە نزیك شارەدێی باوەنوور دەكەوێتە سنووری ناحیەی پێباز.
نووسیویشیەتی: ”بە ڕاستی شەرمم کرد، پێم وابوو قوباد تاڵەبانی لە بەردەم گەرمیانییەکان و لەسەر قەڵای شێروانە داوای لێبووردن لە خەڵكی گەرمیان دەکات کە هەشت ساڵە ئیدارەی ژێر دەسەڵاتی حزبەکەی، نەیتوانیوە تەنیا ئەو ڕێگەیە بکاتە جووتساید، کەچی ناوەکەی گۆڕی بۆ دووسایدیی (کەلار - باوەنوور) و بە دەستكەوت بە خەڵكی گەرمیان فروشتیەوە و گوتیشی تەواو بووە، دەی قەسەم بەخوا تا باوەنووریش تەواو نەبووە“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسیشی لەوە كردووە كە هەموو گەرمیانییەك دەزانێت لە ساڵی ۲٠۱۳ەوە بودجە بۆ ئەو شەقامە تەرخان دەکرێت و ”کاربەدەستانی یەکێتی و گۆڕان لەو سنوورە مەگەر خوا بزانیت چۆن حەپەلووشی دەکەن؟“.
هەروەها ڕوونی كردووەتەوە كە قوباد تاڵەبانی شەقامی دووسایدیی کەلار - رزگاریی بە دەستكەوت بە گەرمیانییەکان فرۆشتووەتەوە، ”منەتی بەسەر زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدانی خۆیان دەكرد کە زەویی پێداون، بەڵام نەیگوت نیوەی زەوییەکان فەزایین و تەنیا کارتن و بەشێکی زوریشیان ئەوەندە دوورن لە شار، نرخی هەموو زەویەكە ناگاتە (٥٠٠) دۆلار، لە کاتیکدا هەرچی زەویی بەنرخی تەنیشت (شەقامی حەولیەکەی کەلار و نزیک زانکۆ و قەڵای شێروانە) هەیە کە هەمووی زەویی بەنرخ و گرانبەهان، کردوویەتی بە ناوی ئیداری گشتیی یەكێتییەوە“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بە توانجەوە باسی لە وەسفەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ ڕووباری سیروان كردووە و دواتر نووسیویەتی: ”لێكچواندنەكەی یەكێتی بە ڕووباری سیروان زۆر ڕاست بوو، یەكێتیی ئێستا وەک رووباری سیروان بوەتە جۆگەلە و لێڵ و لیخنیش بووە ساف و سازگاریی هیچ نەماوە، کاکیشم تازە دەیەویت باڵانسی هێز بەو هەزار کەسە بگەڕێنێتەوە کە بە هەموو توانای خۆیان و گۆڕان لەسەر قەڵای شیروانە کۆیان کردوەتەوە“.
لە كۆتاییشدا بەهمەن كاك عەبدوڵا هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی سوێند دەخوات و دەڵێ: ”قەسەم بەخوا چۆن ئەوانەی پێش خۆتان تا لە ژیاندا بوون، گەڕاندنەوەی باڵانسی هێزیان بە چاوی خۆیان نەبینی، ئێوەش بە چاوی خۆتان باڵانسی هێز نابینن، هەتا ماون هەر پارتی یەکەمە و ئێوەش دەبێ دوعا بکەن شاسوار دووەمیتان لی نەسێنێت“.