بەپێی راپۆرتی چاودێریكردنی پەرلەمان كە لەلایەن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان خرایەڕو، پەرلەمانی كوردستان لەمیانی وەرزی بەهارەدا كە شەش مانگ بوە تەنها 18 دانیشتنی ئەنجامداوە كە دەبو 40 دانیشتن ئەنجام بدات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕۆژی پێنجشەممە، به‌ ئاماده‌بونى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان،  له‌ هۆڵى "ته‌لارى شامير" له‌ شارى سلێمانى، به‌ ئاماده‌بونى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان و نوێنه‌رى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و كه‌ناڵه‌كانى ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی چاودێریی پەرلەمانی كوردستان/ ژمارە (٦)ی خولی پێنجەمى بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا پوختەی راپۆرته‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌،  تیایدا هاتبو: "پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگی وەرزی بەهارەیدا كە لە (1ی ئازارەوە دەست پێدەكات تا (31ی ئابی 2021)، تەنها (18) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو پێویست بو بەلای كەمەوە (40) دانیشتن ئەنجامبدات.
ئەنستتیونی پەی وتوشیەتی"بەڵام نە لە خولی بەهارەو نە لە هیچ كام لە خولەكانی تریدا دانیشتنەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە، كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 31/8/2021) واتە بە (دو ساڵ و دە مانگ و بیست و چوار رۆژ)ی تەمەنی خولی پێنجەمی، تەنها (74) دانیشتن بوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە (200) كۆبونەوەی ئەنجامدابوایە."
لە راپۆرتەكەدا هاتوە"پەرلەمان نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركی یاسادانان هەڵسێت، لەكاتێكدا بۆشاییەكی زۆری یاسایی لەهەرێمدا هەیەو زۆرینەی یاساكانیش بەهۆی گۆڕانكاریی سەردەمەوە پێویستیان بە هەموار كردنەوە هەیە، كەچی لەم خولی گرێدانەدا تەنها (9) یاسای پەسەند كردوە."
جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریكردون هەم لە روی (شكلی) و (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبوەو كوالیتیان وەك پێویست نیە، هەر بۆیە زۆرترینیان یا نەچونەتە بواری جێبەجێكردنەوە یا دوای دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو" لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردوە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە رو، بەڵام بەپێی راگەیاندنێكی سەرۆكایەتی تا تەواو بونی ئەم خولە (126) پرسیار بێ وەڵامن."
بەگوێرەی راپۆرتەكە " پەرلەمان بەبڕیارێك مانگێك تەمەنی خولی گرێدانی بەهارەی درێژكردەوە، كەچی لەم مانگەدا تەنها دو كۆبونەوەی ئەنجامدا كە (6) كاتژمێر بو."
هەر بەپێی راپۆرتەكە " زۆرینەی دانیشتنەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا وەك لەبەرنامەی كاردا هاتوە دەستیان پێنەكردوەو دواكەوتون."