بەرھەم ساڵح لەمیانی چاودێری پرۆسەی ئەزمونی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ھەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داهاتو خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوی عێراقدا و دەرفەتێکە بۆ دامەزراندنی ئیرادی نیشتمانی و سەربەخۆیی و سەروەریی گەلی عێراق.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە بە گێڕآنەوە لە سایتی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دوکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار لەمیانی سەردانی بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و چاودێری پرۆسەی ئەزمونی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ھەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داهاتو خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوی عێراقدا.
ھاوکات جەختیکردەوە لەگرنگی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پاراستنی خواستی ئازادانەی عێراقییەکان بەبێ ساختەکاری و دەستوەردان، ھەروەھا ئەوەشی خستەڕو، کە هەڵبژاردنەکان دەبێتە دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی خواستی نیشتمانی و چەسپاندنی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقییەکان و هەنگاونان روەو چاکسازی بنەڕەتی.
ناوبراو ئەمڕۆ یەکشەممە (3ی تشرینی یەکەمی 2021) سەردانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیۆن و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوەوە و دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داھاتوی تاوتوێ کرد.
بەرھەم ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا دوپاتیکردەوە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک وەڵامی داواکارییە جەماوەرییە فراوانەکان ھات بۆ چاکسازی، ھاوکات جەختی لەپێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو کردەوە بۆ پاراستنی خواستی عێراقییەکان بۆ دیاریکردنی ئایندەی خۆیان بەبێ ساختەکاری و دەستوەردان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بەوەی کە رۆژی یەکشەممەی داهاتو دەرفەتێک دەبێت بۆ چەسپاندنی خواستی نیشتمانی و سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقییەکان روەو چاکسازی بنەڕەتی و ھێنانەئاراوەی مافە رەواکانی خەڵک و بەرەو دۆخێکی تازەی لە عێراق کە کێشە کەڵەکەبوەکانی وڵاتەکەمان چارەسەر بکات، ھەروەھا روەو ھێنانەکایەوەی ئازادی و سەربەخۆی و سەروەری وڵات، ھاوکات ھەنگاونان بەرەو عێراقێک لەگەڵ ھاوڵاتی و دراوسێیەکانی بە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی بژێت، ھەروەھا دامەزراندنی حکومەتێک کە داھاتوو و سامانی وڵات بخاتە خزمەت خەڵک.
لای خۆیەوە حاکم جەلیل عەدنان، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پشتگیریکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە، هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد بۆ ھەمان مەبەست، ھاوکات ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد کە کۆمیسیۆن لەماوەی دو ساڵی رابردودا بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن ئەنجامیداوە.
لە کۆتاییدا جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، "کۆبونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و لە بارەگای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە گرنگی خۆی ھەیە و هیوای سەرکەوتنشی بۆ عێراقییەکان خواست لە هەڵبژاردنەکاندا".