سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر جەختی لە سەر ئەوە کردەوە؛ جەلال تاڵەبانی دەورێکی بێ وێنەی لە هێنانەدی تەبایی و یەکگرتوویی لە نێوان چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق گێڕا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نەسروڵڵا ڕەشنوودی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر پەیامێکی لە چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی بڵاو کردەوە.
ناوبراو لەم پەیامەیدا جەختی کردە سەر دەوری بێ وێنەی مام جەلال لە هێنانەدی تەبایی و یەکگرتوویی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و عەشیرەییەکانی عێراق .
لەم پەیامەدا هاتووە: ڕەحمەتی، جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتی و لە سەرکردە خەباتکارەکان دژی ڕژێمی ستەمکاری بەعس، دەورێکی بێ وێنەی لە هێنانەدی تەبایی و یەکگرتوویی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و عەشیرەییەکان بینی. ئەم تایبەتمەندیانە لە ژیانی سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی ناوبراودا بە تەواوەتی دیار و کاریگەر و بەرچاو بوو.
سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە کۆتایی ئەم پەیامەیدا نووسیویەتی؛ بیرئانینی چوارەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ڕەحمەتی، لەگەڵ بەڕێزان بافڵ و قوباد تاڵەبانی کوڕەکانی و هەروەها هاوسەری بەڕێزیان و گەلی عێراق و بەرپرسان و کادیرانی یەکێتیی نیشتمانی و سەرکردە و گەلی هەرێمی کوردستان، بەرزڕادەگرین و هیوای سەرکەوتن بۆ بەردەوامیدەران بە ڕێبازی مام جەلال دەخوازین.