به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی شنگال، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌، دوای رێككه‌وتنی شنگال، ناوچه‌كه‌ زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست په‌كه‌كه‌ و گرووپ و میلیشیاكان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ بێ توانان به‌رامبه‌ریان.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، وەزارەتى ناوخۆی هەرێم ئاماژەى بەوەشکردوە، پاش سالێك لە واژووكردنی رێككەوتنامەی شنگال، هیچ هەنگاوێكی كرداری لە سەر زەوی بەدی نەكراوە ورۆژ بە رۆژ گرووپەكانی سەر بە پەكەكە وبە چاوپۆشی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق پێگە ودەسەڵاتی خۆیان لەو ناوچەیە موكم تر دەكەن.
هەروەها وەزارەتى ناوخۆ باسى لەوەکردوە کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ولە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامە لە پێناو ئاسایی کردنی بارودۆخی شنگال و رەخساندنی كەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی  خوشک وبرا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زیدی باب وباپیرانیان تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە.
وەزارەتى ناوخۆ دەشڵێت، ناوچەی شنگال لە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆەبەرەوە كەوتۆتە دەست چەکدارانی پەکەکە وكۆمەڵێك گرووپی چەكداری بەدەر لە یاسا کە رێگر بوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان وئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەكە، كە چی پاش ساڵێك لە ئیمزا كردنی ئەو رێككەوتننامەیە دەبینین كە ناوچەكە زیاتر كەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەكداریانە وهێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەكەون".
هەر وەك لە رۆژانی رابردوو دا گرووپەكانی سەر بە پەكەكە ولە پێش چاوی هێزە عیراقییەكانەوە رێگریان كردووە لە چوونی كاندیدانی پەرلەمانی عیراق بۆ ناوچەكە ومافی بانگەشەی هەڵبژرادنیان لێ زەوت كردووە كە پیچەوانەی هەموو یاسا ناوخۆیی ونێودەوڵییەكانە ودژی ئازادیی سیاسی وسەروەریی یاسایە.
لە راگەیەنراوەکەیدا وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاندوە، بە رای گشتی ناوخۆیی وجیهانی رادەگەیێنین کە ماوەی بەردەم جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەی شنگال هەروا بە كراوەیی نیە و ئەم هەموو كات بە فێرودانە خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات وزەرەرمەندی سەرەكیی جێ بە نەجێ كردنی رێككەوتننامەكە تەنیا هاوڵاتییانی ناوچەكە وسەروەریی نیشتمانیی عیراقە.
وەزارەتى ناوخۆ داواش لە حكومەتی فیدڕالی دەكات بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكەن و داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەن كە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەكە، چونكە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهەموو لایەكمانە مافی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال زامن بكرێت وكوتایی بە باری نا ئاسایی وسەپینراو بە سەر ناوچەكە بهێنرێت.