خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت، "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، دان بەوەدا دەنێن کە "هەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان، بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەهێناوە".
هەر لەو راگەیێندراوەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەدا هاتووە، "بە راشکاوی دەڵێین پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەی ریشەیی بزووتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتووە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە، وەک چۆن زۆرینەی ھاووڵاتییان ھەمان شتیان کردووە".
هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەرپرسیارێتی ئەو "واقیعە تاڵە" هەڵدەگرن و "لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاریی ریشەیی دەکەین".
ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، هیچکام لە بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
دەقى راگەیێندراوی خانەى راپەڕاندنى بزووتنەوەى گۆڕان:
ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان..
گۆڕانخوازان ..
ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون.
لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە.
بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە.
ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی دەکەین.
خانەی راپەراندن
١١ی١٠ی٢٠٢١